ئێوارەی ئەمرۆ یەكشەممە 2026.2.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا، بەئامادەبوونی ڕێناس جانۆ، نوێنەری كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، پێشوازی لە بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین – ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا كرد.
لە دیدارەکەدا، كە هەریەك لە بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگار و بەڕێوەبەرانی پلاندانان و ئەندازە و پەیوەندیەكان و قەیرانەكانی پارێزگا بەشداربوون، جەخت لەسەر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی نۆردراین-ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا كرایەوە.
پاشان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین – ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا، وێڕای بەرز نرخاندنی كاروبارەكانی پارێزگای هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانیكردنی پایتەختی هەرێمی كوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی کوردستان لە چەند دەیەی رابردوودا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بووەتە ناوەندێکی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و جەختی لە پتەكردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و کوردستان بۆ قۆناغێکی درێژخایەن لە رێگەی کارکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی کەلتووری لە نێوان هەردوولادا كردەوە. بۆ ئەو مەبەستەش بەفەرمی پارێزگاری هەولێری بانگهێشتی سەردانیكردنی پەرلەمانی هەرێمەكەیان كرد.
دواتر بەوپێیەی كە گەورەترین دیاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا لە هەرێمەكەی ئەوان دەژین پێشنیازیی دەستە خوشكی هەردوو شاری دوسڵدۆوڵڤ و هەولێری بۆ پارێزگاری هەولێر كرد، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە پێشنیازەكەی دەربڕی و رایگەیاند، ئەم پشنیازە هەنگاوێکی گەورەیە لە بەرەوپێشبردنی هاوڕێیەتی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا و بانگهێشتنامەكەشی بۆ سەردانیكردنی پەرلەمانی هەرێمەكەیان قەبوڵكرد.
لە كۆتایشدا تیشك خرایەسەر هەموو ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدراون و باس لە گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا و لێكەوتەكان و ئەو كێشە و گرفتانەی بەو هۆیەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ناوچەكە بۆتە كرا و ئاماژە بە سەرجەم ئەو ڕێگاچارەسەریان كرا كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان گیراوەتەبەر.

