عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
نووسەر و فیلمساز، (کەریمۆک غەفور) تازەترین کتێبی خۆی بەناوی “سینەما و جینۆساید” کە لەلایەن رێکخراوی کوردستان دیالۆگ چاپکراوە، بڵاوکردەوە.
کەریمۆک غەفوور، نووسەر و فیلمساز، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی، ڕایگەیاند: “سینەما و جینۆساید”، ناوی ئەو کتێبەیە کە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەکە، بە کەمێک دەستکارییەوە کراوەتە کتێبێک، کە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێری زانکۆی سەلاحەددین لە ساڵی 2023 وەرمگرتووە، کتێبێکە بە گشتی لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد، وە ڕەنگدانەوەی لەناو فیلمی کوردیدا قسە کراوە، بۆیە ئێستە جینۆساید و سینەما لای من وەکوو پسپۆڕییەکی لێهاتووە و بەردەوام خەریکی توێژینەوەم لەسەری.
کەریمۆک غەفوور گوتیشی: کتێبەکە باس لە سەرجەم ئەو جینۆسایدانە دەکات کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە بەتایبەتی لە باشوور، وەکوو جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆسایدی بارزانییەکان و فەیلییەکان، هەموو ئەو جینۆسایدانە لەناو کتێبەکەدا داتاکان و پلانەکان بەشێوەیەکی گشتی خراوەتەڕوو، ئینجا سەرجەم ئەو فیلمە کوردیانەی لە تەواوی کوردستان و دەرەوەی کوردستان، کومکردۆتەوە و شیکردنەوەم بۆ سەرجەم ئەو فیلمانە کردووە کە لەسەر ئەو جینۆسایدە کاریان کردووە.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەدا: بەشێک لە دەرهێنەرانی کورد هەوڵیانداوە، ئاستی جینۆسایدەکان وەکوو خۆی بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بتوانن سەرنج و سۆزی بینەر بجولێنن، کە گەلی کورد قوربانییەکی زۆری داوە، لەو جینۆسایدانەدا هەزاران خەڵک لەناو چووە، بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی بینەری ئەورووپی و ناوخۆش رابکێشین، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانە هاوسۆز بن لەگەڵ پرسی جینۆسایدکردنی گەلی کورد.
کەریمۆک غەفوور، جەختی کردەوە لەوەی، بەشێکی تری دەرهێنەران، بەشێوەیەکی زۆر هۆشیارانەتر کاریان کردووە، واتە هەوڵیانداوە پرسیار درووست بکەن لە هەر ئاستێک و لە هەر وڵاتێک دابێت بیخەنە بەردەم هەڵوەستە کردنەوە، بۆ ئەوەی بپرسێ ئەو جینۆسایدانە بۆچی ڕوویانداوە، بۆچی دەبێت گەلی کورد بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی جینۆساید دابێت، ئەو جۆرە دەرهێنەرانە، بەشێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ عەقڵی بینەرەکان زیاتر دەگرن، و نایانەوێ ختوکەی هەستی بینەر بدەن، بەڵکوو دەیانەوێ بینەر لەبەرامبەر بینینی ئەو فیلمانە هەڵوێستی خۆی هەبێت.
دەربارەی گرینگی سینەمای کوردی لە پرسی نەتەوەییدا، کەریمۆک غەفوور، گوتی: سینەمای کوردی پێویستی بەوە هەیە کە، بەشێوەیەکی هۆشیارانەتر لە پرسی جینۆسایددا کار بکات، واتە ئامانجی ئەوە بێت کە بتوانێت پەیەندییەکی باڵا لەگەڵ بینەری باڵا بگرێت و لە لۆکاڵ دەربچێت، هەروەها کاتێک تۆ دەتەوێت پەیوەندی بینەر لەگەڵ فیلمەکاندا لە ئاستێکی باڵادا بەڕێوەبچێت، ئەوە پێویستی بەوە هەیە کە درووستکردنی فیلمەکان لەسەر جینۆساید دەبێ زۆر تۆکمە بێت، هەم لە ڕووی فۆڕمی گێڕانەوە، هەم لەڕووی دید و تێڕوانین بۆ جینۆسایدەکان.
لەکۆتایی قسەکانیدا، ئەو نووسەرە باس لە جووڵاندنی سۆزی بینەری ناوخۆ و دەرەوە دەکات و دەڵێت: بینەری. ئێستە پرسی کورد لەوە دەرچوو کە ئێمە بمانەوێت سۆزی دونیا بۆخۆمان ڕابکێشین، دەبێ لە دەرەوەی سۆز، بەڵکوو عەقڵی دونیا ڕووداوەکانمان ڕابکێشین، چوونکە ئێمە خاوەنی پرسێکی گەورەین، تەنیا بە سۆز ئەو پرسە چارەسەر نابێت، بەڵکوو دەبێ وابکەین کە بینەری دونیا کاتێک فیلمەکانمان ده بینن،هەڵوەستەیەک بەرامبەر ئەو جینۆسایدانەمان وەرگرن.
نووسەر و فیلمساز، کەریمۆک غەفوور، لە ساڵی 1972 لە هەولێرە لەدایک بووە، ساڵی 1986 دەستی بەکاری هونەری کردووە، بەکالۆریۆسی لە دەرهێنانی سینەمادا هەیە، وەکوو ئەکتەر و دەرهێنان، خاوەنی چەندین کاری هونەرییە.

