رۆژنامەی ھەولێر

بەیاننامەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بیرەوەری 22 ساڵەی کارەساتی یەکی شوبات

بەناوی خوای گەورەومیهرەبان
تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر پەلامارە تیرۆریستییەکەی یەکی شوبات، وەبیرهێنانەوەی ساتەوەختێکی چارەنووسسازە لە مێژووی بەرگریماندا.
بە ئامانجگرتنی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانەوە، هەوڵێکی نەزۆکی ستراتیژی بوو بۆ لێدان لە سیمبوڵی دەسەڵاتی سیاسی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەییمان
لەو ڕۆژەدا دەیان سەرکردە و تێکۆشەر گیانیان بە کوردستان بەخت کرد و رۆحی پاکیان ،بووە هەوێنی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانمان، وەڵامێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە بوو کە سەلماندی تیرۆر ناتوانێت ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنێت و بناغەی ئەزموونەکەمان لەرزۆک بکات.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو قارەمانانە دەکەینەوە، گەلی کوردستان لە ژێر ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بووەتە سیمبولی خۆڕاگری لە جیهان و یەکدەست و یەکڕەنگە لە پاراستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان
شانازی دەکەین کە خوێنی شەهیدە قارەمانەکانمان بووەتە شورایەکی پۆڵایین بۆبەهێزبوونی قەوارەکەمان و دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان
وەک لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتی دەکەینەوە، ڕێگە بە هیچ هزرێکی توندڕەوی و پیلانگێڕی نادەین مەترسی لەسەر دەسکەوتەکانمان دروست بکات و هانی گیانی لێبوردەیی و بەردەوامی و بەهێزبوونی کلتوری پێکەوەژیان دەدەین لە پێکەوەبوونمان لە پێناو ئامانجی مەزنی گەلەکەمان .
نەمری بۆ شەهیدان و شکۆ بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان.
لقی دوو ی
پارتی دیموکراتی کوردستان