توێژەر: نیاز حەڵواچـی
نوێترین هونراوەی نووسەر (ساڵح بێچار) بۆ کچە شەهیدی ڕێگەی ژیان و خاکی کوردستانی نووسیوە:
پرچی شەهید
پرچت ئاڵای شۆڕشی سەدەی نوێیە
مژدی ژین و ئازادیی بۆ ژن پێیە
گەلێك ژنی لە ڕێی ژینا شەهید بێ
دیارە بەرەو سەربەخۆیی لەڕێیە
ویستم ئەم هۆنراوەیە لە ڕووی تەکنیکی نووسین و کێش و بڕگە و هونەری ڕوونبێژی و زمان و واتاوە دواتر لە ڕووی دەروونی نووسەر خوێندنەوەیەکی بۆ بکەم هەڵسەنگاندنی وێژەی، ئەنجام بدەم.
ئەم هۆنراوەیە لە ڕووی تەکنیکی نووسین لە شێوەی چوارینە نووسراوە، زمانێکی کوردی پەتی وسادە و ڕەوان نووسراوە، وشەکان و دێڕەکان بەدوای یەک وەک ئەڵقەیەکی تەواو لە ڕووی واتاوە تەواوکەری یەکن واتا ڕیزبەندی ڕێکخستنی واتا کەمێ قورسە، بەڵام نووسەر وەستایانە توانیوێتی بە نووسینێکی کورت و پوخت واتایەکی تەواو لە بیرێکی قووڵ دابڕێژێ، وەک تابلۆیەکی نەخشاو بیکێشێ، لە ڕووی بڕگەوە دێڕەکان بە بڕگەی (١٣) دەپێورێ کە بڕگەی پەنجەی خۆماڵییە، لە ڕووی سەرواوە دێڕی یەکەم ودووەم و چوارەم هەمان سەروایە چونکە یاسای داڕشتنی چوارینە بەم جۆرەیە، لە ڕووی ڕێبازەوە ڕێبازی ڕیالیزمی تێدا دەخوێنرێتەوە بابەتەکە لە خەیاڵێکی واقیعانە داڕشتووە، لە ڕووی ناوەڕۆکەوە نووسەر مەبەستی نەتەوەی مرۆڤایەتی خستوەتە ڕوو لەلایەک وەسف لە توانا و بوێری مرۆڤێ دەکات کە ژنێکی بەهەڵوێست و چوست و چالاکە، ئازایانە ڕووبەڕووی دوژمنی دەبێتەوە، چونکە کوردە، کوردبوون بابەتێکی پیرۆزو مەزنە لای ئەوکچە کوردە، لە ڕووی هونەری ڕوون بێژی پرچی (کەزیی) قرتاوی پەیامێکە کە دژمنی دەترسێنێ وەک ئاڵایەک، وەک چەکێک دەچوێنێک لە دوای ئاوابوونی.
لە ڕووی دەروونی نووسەر وەک کوردێ وەک بڵێی ئەم ژنە شەهیدە کچی نووسەرە، جوانترین وشەی پڕلەهەڵوێستی بۆ دادەڕێژێ کە بەشێکی لەشین و گریان و خەمحۆری نووسەر بۆ کچە شەهیدەکە؛ (کەزی)ـی کچە شەهید هێمای ژنبوونە هێمای خاوەندارێتی ڕەگەزی مێیەکی ماندووی نیو شاخ و دەشت و دۆڵەکانە هێمای زیندوی ڕۆحێکی جوانو جەستەیەکی ماندووە، نووسەر دەڵێ کەزێکەت هێمای شۆڕشێکە کەمژدەی ئازادبوونی هەموو ژنێک و ژیانێکی بەردەوام و ئاڵای شوڕشی نوێی ئەم سەدە نوێیەیە، نووسەر وەک کوردێک شانازی بەم کچە شەهیدەوە دەکات، چونکە گەلێک ژن پێشڕەوی شوڕشی نوێی بێ، شەهید بێ، دڵنیایە کە مژدەی سەربەخۆیی و سەرکەوتنی پێیە، نووسەر لەگەڵ ڕشتنی خەمی شەهیدکەوتنی ئەم کچە ڕۆژئاوایە و قرتاندنی کەزیەکەی لەلایەن شەمشەمەکوێرەکانەوە، ڕۆژی ڕووناک دەکاتە هێمای ئاڵای شوڕشی نوێ .

