سەڕەڕای ئەوەی دۆخی ئۆکراینا دەکوڵێت و ئەمریکا بە بایەخەوە لەو پرسە دەڕوانێت، بەڵام کەسی یەکەمی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسنی پێشمەرگە دەکات وەکو هێزی سەرەکی شەڕی دژی داعش و دەڵێ :” هاوبەشێکی متمانە پێکراون لەو شەڕەدا .
پێش دوو رۆژ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێش دەستبەکاربوونی لەلایەن لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆمەڵێک پرسیاری لێکرا، بەشێکیان تایبەت بوو بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
جیم ئینهۆف، سیناتۆری ئەمریکا لە دانیشتنەکەدا پرسیاری لە کوریلا کرد :”‘ ساڵی رابردوو هێزەکانی سەر بە ئێران ناوچەیەکەیان ئاڵۆزکرد، حەماس زیاتر لە 4300 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، حوسییەکان هێرشەکانیان زیاد کرد بۆسەر سعودیە و ئیمارات، گرووپە چەکدارەکانیش لە عێراق بە رۆتینی بەردەوام هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا، هەموو ئەوانە لەکاتێکدا روودەدەن ئیدارەی بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی کە رەنگە ملیاران دۆلار بۆ حکومەتی ئێران بگەڕێنێتەوە، ئەوانە چ کاریگەریەکیان دەبێت لەسەر هێزەکانمان لە ناوچەکەدا .”
کوریلا رایگەیاند:” مەترسییەک هەیە کە ئێران بە هەڵگرتنی سزاکان بەشێکی پارەی گەڕاوە بۆ هێزەکانی سەر بەو وڵاتە بدات، ئەوکات هێرشەکان زیاتر و مەترسیش زیاتر دەبن .
دوای ئەو پرسیارە، سیناتۆرەکەی ئەمریکا باسی کوردی کرد و رایگەیاند:” زۆر جار سەردانی دۆستی ئێمە مەسعود بارزانیم کردووە لە هەولێر، لە ساڵانی رابردوو زۆر دیدارمان هەبووە، کورد لە عێراق باشترین هاوپەیمانی پشتپێبەستراوی ئێمەن، لەو باوەڕەدام گرنگە بەردەوامبین لە پشتیوانی ئەو هاوپەیمانە و لەگەڵیان بین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق .
کوریلا هەر سەبارەت بە کورد و گرنگی هاوبەشی نێوانیان، رایگەیاند :” من لەگەڵ هاوبەشانمان لە کوردستان کارم کردووە، ئەوان باشترین و بە تواناترین هاوبەش و پشتیوانی ئێمەن، لە 2004وە لەگەڵیان کارم کردووە، لە یەکەم سەردانمەوە بۆ عێراق، بەمدواییەش لەوەتەی شەڕی داعش لە 2014، من وای دەبینم ئەوان باشترین و بە تواناترین هاوپەیمان و دۆستی ئێمەن .
ئەو قسانەی فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا لەکاتێکدایە رۆژی 3ـی شوبات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:” ئیدارەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ پێشمەرگە، ئەو گوتی:” بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشانمان، لەوانە هێزەکانی عێراق، لە نێویاندا پێشمەرگە و هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات .
لەوەتەی پێشـمەرگە چالاکانە شەڕی داعش دەکات، ئەمریکا چەند جارێک کاروانی چەک و هاوکاری سەربازی رادەستی پێشمەرگە کردووە، ساڵی رابردووش سێ کاروان هاوکاری سەربازی دایە پێشمەرگە، قسەکانی ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریکاش لەکاتێکدایە کە ئەرکی هێزی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام وەکو بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا دەڵێن رۆڵیان لە عێراق بەردەوام دەبێت و دەمێنێت .