چۆن یارمەتی دەروونی خۆمان بدەین؟

دۆخی ئێستای ژیان و سەختبوونی بەردەوامی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندی مرۆڤەکان و دەیان هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی دۆخی دەروونی مرۆڤەکان لە ئاستە گشتییەکەیدا هەمیشە پێویستی بە یارمەتی و چارەسەر بێت. بەڵام پرسیارە سەختەکە ئەوەیە چۆن یارمەتی دەروونی وەربگرین؟ هەمیشە لەو کۆمەڵگایانەی کە ئاستی وشیاریی تاکەکان لە ئاستێکی مامناوەند و خوارترە وەرگرتنی یارمەتی دەروونی و سەردانکردنی تاکەکان بۆ لای چارەسەرکاری دەروونی وەکو پێویست نییە، یان ڕەنگە زۆرجار وەکو نەنگی سەیر بکرێت هەتا زۆرجار وەکو سووکایەتی وشەی “نەخۆشی دەروونی”هەیە بەکار دەهێنرێت. لە کاتێکدا دەروونیش وەکو هەر بەشێکی دیکەی جەستە دەکرێت نەخۆش بکەوێت، هەر وەکو چۆن گورچیلەکان نەخۆش دەکەون، یان هەر ئەندامێکی دیکە، ئەویش تووشی نەخۆش دەبێت و بە هۆکاری جیا جیا و بە ڕووداوی ناخۆش زەبری بەردەکەوێت.

لە کۆمەڵگەیەکی زامدار و پاشکەوتووی چەشنی کۆمەڵگەی کوردیدا، کە تا هەنووکە سەردانکردنی پزیشکی دەروونی وەکو عەیبە سەیر دەکرێت باشترین ڕێگە بۆ وەرگرتنی یارمەتی دەروونی (خۆچارەسەرکردنە) و ئەمەش چەند ڕێگەیەکی جۆراوجۆری هەیە کە دەشێت خودی کەسەکە خۆی دەرک بەوە بکات لە چ ڕێگەیەکەوە ئەو چارەسەر بۆ ئەو گونجاوە، بەشێک لەو کەسانە دەشێ لە ڕێگەی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی، یان گوێگرتن لە میوزیک، یان سەیرکردنی فیلمەوە بەشێک لە پرۆسەی خۆچارەسەرکردنی دەروونی وەربگرن. هەندێکجاری دیکە دەشکرێت لەڕێی خوێندنەوە پەرتووک و نامیلکە و ڕێبەری دەروونییەوە ئەوە بکرێت، کە چەندین ڕێکخراو و سەنتەری دەروونی بڕواپێکراوی جیهانی کاریان لەم بوارەدا کردووە. دەکرێت ئێستا بپرسین چۆن یارمەتی دەروونی خۆمان بدەین؟ بێگومان ئەمە پرۆسەیەکی ئاسان نییە، بەڵام یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە خۆمان بڕیار لەبارەیەوە وەرگرتنی یارمەتی لە خۆمانەوە بدەین و خاڵی دواتر ئەوەیە کە گرفتەکەمان دیاری بکەین و بزانین لە چییەوە تووشی ئەو حاڵەتە دەروونییە بووین ئەوسا بەدوای پەرتووکی یارمەتیدەردا بگەڕێین.
هەفتەی ڕابردوو لە ڕێی هاوڕێیەکی سەردەمی خوێندنگەمەوە شەش نامیلکەی تایبەت بە یارمەتیدانی دەروونیم بە دەست بگەیشت. ئەو شەش نامیلکەیە دروست دەیانەوێت جۆرێک لە پاڵپشتی دەروونی و یارمەتیدەری خوێنەرەکەی بن بۆ ئەوەی خۆی چارەسەریی دەروونی بۆ خۆی بکات. پرۆژەکە بەتەواوی دڵخۆشی کردم و هەر زوو دەستم بە خوێندنەوەیان کرد و هەندێکیانم زیاتر لە جارێک خوێندەوە. پرۆژەکە لە پرۆژەکانی “دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ”ـە، کە دەزگایەکە لەسەر بنەماکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کاردەکات و هاوکات پاڵپشتی ڕزگاربووانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە پێناو بنەماکانی ئازادیدا تێدەکۆشێت. ئەم شەش نامیلکەیەش لەو چوارچێوەیەدایە کە یارمەتیدەری هەموو ئەو کەسانەیە کە زەبری دەروونیان بەرکەوتووە، چ بەهۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە بێت، کە لەم ناوچەیەدا هەیە، یان بەهۆی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەوە بێت، یان ئەو کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەو شەش نامیلکەیە ئەمانەن: “بیرت لای خۆت نییە شتت بیر دەچێت؟، بێخەوی، بۆچی من ئەوەندە تووڕەم؟، بەڕاستی دەمەوێت-بەڵام ناتوانم؟، کاتێک هەموو شتێک بە ئازار و ناخۆش بوو، هەموو جەستەم ئازاری هەیە!” نامیلکەکان بەشێوەیەکە هەر یەکەیان چیرۆکی کەسێک دەگێڕێتەوە، کە تووشی یەکێک لەو گرفتانە بووە، چیرۆکەکە چەندە بە وشەیە دوو هێندە لە ڕێی وێنەوەیە و بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر کەم وشە لە چیرۆکەکەدا بەکار هاتوون، بەڵکو زیاتر لەڕێی وێنەوە هەم دۆخە دەروونییەکان ڕوونکراونەتەوە، هەم هەوڵ دراوە پەیامەکەش بگەیەنرێت. ئامادەکردنی نامیلەکەکان لەلایەن “گرووپی ڕزگارکردن لە زەبری دەروونی”یەوە بووە و نامیلەکان بە بێبەرامبەر بڵاو دەکرێنەوە.
“گرووپی ڕزگارکردن لە زەبری دەروونی” گرووپێکی فرەبوارە و نێودەوڵەتییە لە چەندین پسپۆڕ بۆ ڕزگارکردن لە زەبری دەروونی پێکهاتووە ئەوانیش ئەمانەن: “باربارا پریلتەر، گابرێل سیبێرت، ماریان ئەلخەلەوی-براینین، میشێل بروون، مارتینا جاریجا، بەختیار هادی حەسەن، سانا هەمزە، ئاراش ڕازیا مارا، و پارتیسا کەهانە”. وەکو خۆیان خستوویانەتە ڕوو ئامانج لەم بڵاوکراوانە ئەوەیە کە پانتایی زانیاریی و رۆشنبیریی دەروونی زیاتر بکەن. بەتایبەت لەنێو توێژی گەنجان و کەسوکاریان و هەموو ئەوانەی دووچاری ڕووداوی زەبرئامێز بوونەتەوە. هەوڵێکە بۆ وشیارکردنەوەی گەنجان لە ڕووبەڕووبوونەوەی زەبری دەروونی و بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتر. ئەم نامیلکانە تا هەنووکە بە زمانەکانی “ئەڵمانی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی و کوردی” بڵاوکراونەتەوە.
ئەم نامیلکانە دەکرێت سەرەتایەکی دیکە بن لەپاڵ ئەو هەوڵانەی دیکە کە پێشتر دراون بۆ بڵاوکردنەوەی وشیاریی دەروونی و زیادکردنی وشیاربوونەوەی تاکەکان بۆ ئەوەی خۆیان چارەسەرکار و یارمەتیدەری خۆیان بن لەکاتی بوونی هەر گرفتێکی دەروونی و فشارێک، کە بەهۆی زەبرێکەوە بەر دەروونیان دەکەوێت. دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەم پرۆژەیەوە ماندووبوون.

ھەواڵی زیاتر