ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.1.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەردانى کونسڵخانەى گشتیی قەتەری لە هەولێر کرد و لەلایەن مشعەل ئەلهاجرى، هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەكە پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارەکەدا، هەردولا جەختیان لە پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورى و بازرگانیەكانی نێوان وڵاتی قەتەر و هەرێمی کوردستان کردووە کە مێژوویەکی قوڵ و دوور و درێژی هەیە و بەردەوام لە بەرەوپێشچوندایە.
دواتر پارێزگاری هەولێر، وێڕاى بەرز نرخاندنى کارەکانى كونسڵخانەی قەتەر لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەكەیان، جەختى لەپتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و كونسڵخانە کردەوە.
هەروەها سوپاسى کونسڵ و ستافى کونسڵخانەكەى کرد کە بەردەوام لەگەڵ پارێزگا هەولێر بوونە بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفت و كێشەیەك ئەگەر هەبوو بێت .
لەلایەن خۆیەوە هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەی گشتی قەتەر لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەربڕی و ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی ئەو ئاوەدانی و گەشەپێدانەی هەولێری پایتەخت بەخۆیەوە بینیوە.

