دەزگای خێرخوازیی بارزانی نوێترین ئاماری چالاکییە مرۆییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا وردەکاری هاوکارییەکان تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 28/1/2026 خراوەتە ڕوو. بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە 5ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەزاران خێزان و قوتابخانە لە کەرتە جیاوازەکانی وەک تەندروستی، خۆراک و سووتەمەنی سوودمەند بوون.
کەرتی لۆجستی و هاوکارییە گشتییەکان
لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاندووە کە 206 بارهەڵگر هاوکارییان گەیاندووەتە ناوچەکە و 418 کرێکار و کارمەند لە پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکاندا بەشدارن.
لە ڕووی هاوکارییە جۆراوجۆرەکانەوە، 6,609 خێزان و 150 قوتابخانە هاوکارییان پێ گەیشتووە.
دابینکردنی سووتەمەنی (مازوت)
بە مەبەستی هاوکاریکردنی هاووڵاتیان لە وەرزی سەرمادا، دەزگاکە بڕی 198,657 لیتر نەوتی (مازوت)ی دابەش کردووە. لەم پڕۆسەیەدا 5,969 خێزان سوودمەند بوون، هەروەها سووتەمەنی بۆ 169 قوتابخانە و 9 مزگەوت دابین کراوە تاوەکو پڕۆسەی خوێندن و شوێنە گشتییەکان بەردەوام بن.
خۆراک و پێداویستییە تەندروستییەکان
لە کەرتی خۆراکدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی 19,979 ژەمە خواردنی گەرم دابین بکات، کە تێیدا 52 قوتابخانە و 3 مزگەوت سوودمەند بوون.
هاوکات لە ڕووی تەندروستییەوە، تیمە پزیشکییەکانی دەزگاکە خزمەتگوزارییان پێشکەشی 3,160 کەس کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا گەیشتوونەتە 41 قوتابخانە بۆ پشکنین و چارەسەرکردنی قوتابیان و هاووڵاتیان.
ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بۆ کەمکردنەوەی ناخۆشییەکانی دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان.

