ڕەزازی هونەرمەندێکی لەکەسنەچووگ

ناسر ڕەزازی کۆڵەکەیەکی پتەوی ڕاگرتنی ڕەشماڵی گۆرانیی کوردیە، کاتێك باسی ئەو پەنجا ساڵەی دوایی گۆرانی کوردی دەکرێت بێئینسافیە کە وەک پێشەنگ و سەرقافڵە هەژمار نەکرێت و تیشکی نەخرێتە سەر، شرۆڤە و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغە جیاکانی نەکرێت، ئاخر شۆخی هەڵناگرێ کەسێک بتوانێ ئەوەندە ساڵە لەو هەموو گۆڕانکاری وهاتنەناوەوەی جۆرەها ستایلی جۆراوجۆر بۆ نێو ڕەوتی گۆرانی بتوانی ئەو حزوورە خۆسەپێنەرەی هەبێت و بەو نەفەس و ڕیتمە لەگەڵ ڕەوتەکە هاوتەریب بڕوات وپارێزگاری لە مانەوەی بکات، هۆکار زۆرە کە لە ترۆپکدا بمێنێتەوە، لەوانە ئەو دەنگە ئاسمانیەی کە پەروەرێن پێی بەخشیوە، بەرزی پاشخانی ڕۆشنبیری دەورێکی بەرچاوی هەبووە لە مانەوەی لە ترۆپک کە ئەوەش لەوە خۆی دەبینێتەوە کە لە گوڵزاری شیعری کوردی کلاسیک و نوێ هەنگی بەهرەی لەسەر ئەو گوڵانە بنیشێتەوە، بیانکاتە هەوێنی داهێنان و چێژبەخشی، وەک دیاری پێشکەشی هەواداران وشەیدایانی بکات، بیانباتە ئەوجی چێژوەرگرتن، ناسر ڕەزازی بە شەووڕۆژێک نەبۆتە ئەو داهێنەرە، وەکچۆن دەروێشەکان بە پەیژەکاندا تێدەپەڕن تا دەگەنە شوێنی مەبەست، ئەویش دەروێشێکی زاهید ئاسای تەریقەتی گۆرانی ڕەسەنی کوردیە، بە پلیکانی هەوڵدان و توانەوە لە بۆتەی ئەشق بۆ گۆرانیچڕین گەیشتۆتە سەربانی هونەری کوردی، ڕەزازی بە داهێنانەکانی سەپاند کە دەڵێ مانەوە لە لووتکە بەردەوام بە گوڕوتین و ئەفراندن زەحمەتترە لەگەیشتن بە لوتکە، بەڵێ دەمێکه ڕەزازی بارگەی داهێنانی لە لووتکە داناوە، لە ترۆپکدا نیشتەجێیە.

ھەواڵی زیاتر