ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی سەرمادا، هەستی تینوێتی لای زۆربەی مرۆڤەکان کەم دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات زۆرێکمان لە خواردنەوەی ئاو فەرامۆش بین. بەڵام پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە کەمبوونەوەی هەستی تینوێتی بەواتای پێویستنەبوونی جەستە بە ئاو نایەت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، جەستە لەم وەرزەدا زیاتر پێویستی بە شلەمەنی هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و چالاکییەکانی.
بەگوێرەی توێژینەوە زانستییە نوێیەکان، سوودەکانی ئاوخواردنەوە لە وەرزی زستاندا لە چوار خاڵی سەرەکیدا کۆ دەبنەوە:
1. پاراستنی هاوسەنگی جەستە لەبەرانبەر گەرمیدا
لە وەرزی زستاندا خەڵک بۆ خۆپاراستن لە سەرما پەنا بۆ پۆشینی جلی ئەستور و گەرمکردنەوەی ژینگەكانیان دەبەن. ئەم گەرمبوونە زۆرە دەبێتە هۆی ئارەقکردنەوەی جەستە (هەندێکجار بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین)، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە ئاوی جەستە. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە ئەو کەسانەی لە شوێنی گەرمدا دەمێننەوە یان جلی زۆر دەپۆشن، بایەخێکی تەواو بە خواردنەوەی ئاو بدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەمەنییەی لەدەستی دەدەن.
2. وزەبەخشین و بەرەنگاربوونەوەی خەمۆکی
ئایا هەست بە بێتاقەتی و بێزاری دەکەیت؟ ڕەنگە هۆکارەکەی تەنیا سەرما نەبێت، بەڵکو کەمئاوی بێت. پزیشکان ڕوونی دەکەنەوە کە ئاوخواردنەوەی بەردەوام لە زستاندا مرۆڤ گرجوگۆڵ و پڕوزە دەکات. لە بەرانبەردا، کەمخواردنەوەی ئاو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تێکچوونی باری دەروونی، هەستکردن بە خەمۆکی و تەمەڵی هەیە.
3. پاراستنی تەندروستیی بەساڵاچووان
گرنگترین هۆشداری پزیشکان، ڕووی لە چینی بەساڵاچووانە. جەستەی کەسانی تەمەن سەروو بەدەست کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو و دابەزینی پلەی گەرمی ناوەکی دەناڵێنێت. بۆ پاراستنی سەلامەتی و چالاکیی جەستەیان، پێویستە بەساڵاچووان ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە، تەنانەت زیاتر لەو بڕەی کە لە هاویناندا دەیخۆن، بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی وشکبوونەوە و کێشە تەندروستییەکان بەدوور بن.
4. پارێزگاری لە پێست و جوانی
سەرمای زستان دوژمنی سەرەکی پێستە و دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و شەقبوونی. پزیشکان وەک ئامۆژگارییەکی گرنگ داوا دەکەن ئاو فەرامۆش نەکرێت، چونکە باشترین ڕێگەیە بۆ شێدارکردنەوەی سروشتیی پێست و پاراستنی لەو نەخۆشییە باوانەی کە لە زستاندا ڕووبەڕووی جەستە دەبنەوە.
کۆتا پەیامی پزیشکان ئەوەیە: چاوەڕێی هەستی تینوێتی مەکە، چونکە کاتێک هەست بە تینوێتی دەکەیت، واتە جەستەت پێشوەختە گەیشتووەتە قۆناغی وشکبوونەوە.

