لە شاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی كۆچكردووی كورد جیهاد دڵپاك لا درا كە لەسەر ئەركی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری حكوومەتی هەرێم دروستكراوە.
رۆژی شەممە لە بەردەم هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەیوب رۆستەم، نوێنەری وەزیری رۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی رۆشنبیری و سەندیكای هونەرمەندان و ژمارەیەك هونەرمەند و كەسوكاری، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەند جیهاد دڵپاك لا درا.
جیهاد دڵپاك، یەكێكە لە هونەرمەندە بەناوبانگەكانی كورد، ساڵی 1948 لە شاری كەركووک لەدایك بووە و 1960 پەیمانگەی مامۆستایانی تەواو كردووە، ساڵی 1971 یەكەم كاری شانۆیی بە ناوی (كچە لاڵەكە) پێشكەش كردووە، دڵپاك بە دراماكانی (بەهاری دزراو و مەرەزە و ژاڵە) ناسراوە، بەڵام ساڵی 2013 بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كردووە.
ئەیوب رۆستەم، نوێنەری وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمەكەدا رایگەیاند، ئەوان وەك نووسینگەی سلێمانی وەزیری رۆشنبیری دوای راوێژكردن بە خانەوادەكەی، پێیان باشبووە لە بەرامبەر ئەو كارە مەزن و گەورانەی ئەم هونەرمەندە كردوویەتی، پەیكەرێكی بۆ دروست بكەن، چونكە پەیامی دڵپاك پەیامی بەرهەمهێنانی مێژوو بوو، كەمیشن ئەو كەسانەی دەتوانن مێژوو بەرهەم بهێنن.
هەروەها د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی رایگەیاند، جیهاد دڵپاك نموونەیەكی هونەرمەندێكی بەرز و مەزن بوو لە كاری هونەریدا، ئەوان توانیویانە لە ڕێگەی بەرهەمەكانی بەهاری دزراو و مەرەزە و ژاڵە كە شاكارە گەورەكانن دڵپاك بناسن، چونكە گرنگی رۆڵەكانی دڵپاك لەوەدا بوو دەبووە نموونەیەكی باڵا لە كارە هونەرییەكاندا و خەڵك حەزی دەكرد كارەكانی دووبارە بكاتەوە.
هەر لە مەراسیمەكەدا هونەرمەند بەختیار هەڵەبجەیی كە پەیكەرەكەی دروست كردووە رایگەیاند، پەیكەرەكە دوو مەترە و بە قاعیدەكەشەوە چوار مەترە و لە هاڕاوەی بەردی مەڕمەڕ دروست كراوە.
دوایی روناك محەمەد، هاوسەری جیهاد دڵپاك سوپاسی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و هونەرمەند بەختیار هەڵەبجەیی كرد بۆ دروستكردنی پەیكەرەكە.