كارزان گلی – ههولێر
پرسی چارەسەریی كورد لە توركیا، هەنگاوەكانی بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان هۆكارە سەرەكییەكەیە، بۆیە ئاكپارتی دەیەوێت یاسای مافی ئومێد بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە جێبەجێ بكات، بەڵام ئەمەش قسەی زۆری لەسەر دەكرێت و بۆچوونەكان جیاوازن.
ساڵێك بەر لە ئێستا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەڵام ئاكپارتی و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەوڕووەوە هیچ قسەیەكیان نەكرد و بێدەنگیان هەڵبژارد. بەگوێرەی زانیارییەكان، ئاكپارتی گفتوگۆی چڕی دەستپێكردووە تا بتوانن مافی ئومێد بدەنە ئۆجەلان و ئازاد بكرێت، بەڵام بۆچوونی جیاواز لەوڕووەوە هەیە.
هەر لەسەرەتاوە ئاكپارتی دژی ئەوە بوو ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەڵام ئێستا بۆچوونی تا ئاستێكی زۆر گۆڕاوە.
بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری كورد لە توركیا هەنگاوەكانی زۆر لەسەرخۆن، بەتایبەت دوای رووداوەكانی سووریا و هێرشكردنە سەر كورد لەلایەن سوپای دیمەشق، ئاكپارتی بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بگاتە ئەنجام، قسە لەسەر مافی ئومێد دەكات بۆ ئۆجەلان.
رۆژنامەی (حوڕیەت)ـی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لەناو ئاكپارتیدا گفتوگۆی چڕ لەبارەی ئازادکرانی ئۆجەلان دەستپێكردووە، بەڵام بۆچوونەكان جیاوازان و بەشێكی لەگەڵ ئەوەدا نین ئازاد بكرێت و بەشێكیشی داوای ئازادبوونی دەكەن.
دەم پارتی، داكۆكی دەكات لەسەر ئەوەی پێویستە ئۆجەلان ئازاد بكرێت، تا بتوانێت لە دەرەوەی زیندان رۆڵی گەورەی لە پرسی چارەسەری هەبێت، بەڵام داوای دەم پارتی تاوەكوو ئێستا پێشوازی لێ نەكراوە.
لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنێكی ٥١ كەسی، كە ئەندامی هەموو پارتە سیاسییەكانی تێدایە دروست بووە، ئەو كۆمیسیۆنە راپۆرتی كۆتایی لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پرسی چارەسەری دەداتە پەرلەمان و پاشان پەرلەمان بۆ ئەردۆغانی دەنێرێت و ئەگەر تانەی لێ نەدا دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە. دەم پارتی، كە سێ ئەندامی ئەو كۆمیسیۆنەدا هەیە، داوای كردووە لەناو راپۆرتەكەدا باس لە مافی ئومێد بكرێت بۆ ئۆجەلان.
دوای ئەوەی پرسی چارەسەری كورد هاتووەتە بەرباس، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە شەش جار، شاندی ئیمرالی سەردانی ئۆجەلانیان كردووە، زۆربەی جارەكانیش گفتوگۆكردن بووە لەبارەی پرسی چارەسەری و هەروەها پەیامی ئۆجەلانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە و بڵاویان كردووەتەوە.
هەرجارێك پەیامی ئۆجەلان بڵاو كرابێتەوە مقۆمقۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، چونكە بەشێكی لە نووسەرانی كورد رەخنەیان لە پەیامەكەی گرتووە، بەشێكی بەشێوەیەكی جیاوار شرۆڤەیان بۆی كردووە.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی پرسی چارەسەری كورد لە سووریا و توركیا بڵاو كرایەوە و ١٦ لاپەڕە بوو، لەوێدا ئۆجەلان داوای كردووە ئازاد بكرێت، چونكە تا ئازاد نەكرێت ناتوانێت بڕوا بە پەكەكە و مەزڵووم عەبدی بهێنێت چەك دابنێن و دووپاتیشی كردوەتەوە، بڕوای بە حوكمی زاتی و فیدراڵی و دەوڵەت بۆ كورد نییە. بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، رەنگە توركیا بۆ ئەوەی ئۆجەلان كاریگەریی زیاتری لەسەر پەكەكە و هەسەدە هەبێت لە سووریا ئازادی بكەن و بۆ ئەمەشیان ئاكپارتی گفتوگۆی چڕی دەستپێكردووە.
سیناریۆكان بەم شێوەیەی خوارەوەن، كە ئاكپارتی قسەی لەبارەوە دەكات:
سیناریۆی یەكەم: مافی ئومێدی بدرێتێ، بەڵام بەمەرج و سنووردار بێت، واتە مافی ئومێد بەو مانایە نەبێت بەتەواوی ئازاد بكرێت، بەڵكوو سنووردار بێت و بۆ ئەوە بێت بتوانێت كاریگەریی هەبێت تا پەكەكە بە تەواوی چەك دابنێت.
سیناریۆی دووەم: ریفۆرمی یاسایی، واتە یاسایەكی تایبەت بەئازادبوونی ئۆجەلان دەرنەچێت، بەڵكوو ریفۆرم لە یاسای زیندانیانی سیاسیدا بكرێت، لەوڕێگەیەوە بەشێوەیەكی یاسایی نەك سیاسی بتوانێت ئازاد بێت.
سیناریۆی سێیەم: رێفۆرمێكی یاسایی بكرێت كە بگونجێت لەگەڵ یاساكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، واتە بەو هەنگاوەدا بڕۆن كە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دایناوە.
سیناریۆی چوارەم: مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەو مەرجەی لەوكاتەی ئازاد دەبێت، هەمان رۆژ پەكەكە كۆتایی پێبێت و چەك دابنێت، واتە یەك لایەنە نەبێت و ئازادبوونی ئۆجەلان و چەكدانانی پەكەكە لە یەك رۆژ و كاتدا بێت.
تاوەكووئێستا لەسەر هێچ یەكێك لەو سیناریۆیانە رێكنەكەوتوون، بەڵام رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی ئاشكرای دەكات، لەو چوار سیناریۆیەدا یەكێكیان دەچێتە واری جێبەجێ كردنەوە.
مافی ئومێد چییە؟
مافی ئومێد یاسایەكی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، كە لە یەكێك لە مادەكانی یاسای ئەو دادگایەدا هاتووە، ئەگەر كەسێك لەسەر هەر تاوانێك بێت دەستگیر كرابێت، تەنانەت ئەگەر تیرۆریش بێت، دوای ئەوەی ٢٥ ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە، پێویستە مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەڵام ئەو وڵاتەی ئەو مافە نەدات بە دەستگیركراو، ناچاری نییە.
بەهۆی ئەوەی ئۆجەلان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانە، بۆیە ئەو مافە دەیگرێتەوە و یەكەم كەسیش كە داوای ئەو مافەی بۆ ئۆجەلان كرد، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە بوو.
دەم پارتی، بەنیازبوون خۆپیشاندانێكی گەورە بۆ ئازادبوونی ئۆجەلان ئەنجام بدەن لە تەواوی شارەكانی باكووری كوردستان، بەڵام بەهۆی هێرشی سوپای دیمەشق بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی نادیار دوا خرا.
لەناو ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەنگێكی زۆر بەرز بووەتەوە و دەڵێن ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بكرێت، شەقام دەجووڵێنن و بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو هەنگاوەن، بەڵام بەشێكیان لەگەڵ ئەوەدان ئازادبوونی سنوورداری بۆ بكرێت، تا بتوانن لەرێگەی ئۆجەلانەوە كۆنترۆڵی پەكەكە بكەن.

