رۆژنامەی ھەولێر

دووەم بەرمیلە نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکان دابەش کرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی ھاووڵاتییان لە سەرمای زستان لە ناوچە شاخاوییەکان دووەم بەرمیل نەوتی دابەش کرد، ھاووڵاتییان پێیانوایە، دابەشکردنەکە لە کاتێکی گونجاو و زۆر پێویست بوو. بەڕێوەبەی نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش، دەڵێت: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی تەواوی ھاووڵاتییانی سنوورەکە لەو بڕە نەوتە سوودمەند بن کە ٨٨ ھەزار خێزان دەبن.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاوییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ئێستاش لە سەنتەری شارەکان دابەشکردن بەردەوامە. ئەو نەوتەی ئێستاش لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، نەوتەکەی حکوومەتی عێراقە، کە لە قۆناخی یەکەمدا ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت نێردراوە و پشکی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٨ ملیۆن لیتر نەوتە.
بەشێک لە ھاووڵاتییانی ناوچە شاخەوییەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، وەرزی سەرمایە و ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریوە و کەشوھەوا زۆر ساردبووە، بۆ خۆگەرمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە سەرمای ئەم وەرزە ساڵانە چەندین بەرمیل نەوت دەسووتێنین، دابەشکردنی بەرمیلی دووەمی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان زۆر پێویست و لە کاتێکی گونجاو بوو، بۆیە زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە بەردەوام لە خەمی ھاووڵاتییانی خۆیەتی و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمە دابین دەکات. سیروان میرخان، ھاووڵاتییەکی ناوچە شاخاوییەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ڕاستە بڕەکە کەمە و ئێمە لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ خۆ گەرمکردنەوە پێویستمان بە ٦ تا ٧ بەرمیل نەوت ھەیە، بەڵام ئەو بڕیارەی حکوومەت و دابەشکردنی بەرمیلی دووەم کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و نرخی نەوت دادەبەزێت، ئەوەش وا دەکات کە بتوانین ئەو بڕە نەوتەی کە پێویستمان پێ ھەیە بۆ خۆمان دابین بکەین.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ناوچە شاخاوییەکان چەند شەپۆلێکی بەرفربارین و سەرما و سۆڵەی بەخۆیەوە بینی و دابەشکردنی نەوتی سپی، یەکێک بوو لە پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان لەم وەرزەدا، دابەشکردنی بەرمیلی دووەم کاریگەری زۆر باش دەبێت لەسەر پاراستنی ژینگەی دەڤەرەکە، لەگەڵ ئەوەی کاریگەری لەسەر نەوتی بازاڕ دەبێت و نرخەکەی دادەبەزێت.
مەغدید ئۆمەراوەیی، نەوت فرۆش لە بازاڕی قەزای ناوەندی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ئێستادا نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕ ڕووی لە دابەزین کردووە، دوو جۆرە نەوتیش لامان دەست دەکەون، نرخی نەوتە باشە بەرمیلی بە ١٦٥ ھەزار دینارە و ئەوەی دیکەش بەرمیلی بە ١٦٠ ھەزار دینارە.
ئۆمەراوەیی، ئاشکراشی دەکات: ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەوتی زۆرمان بەدەست دەگات، ھەروەھا کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕدا.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەی نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی فیدراڵ نزیکەی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، لەو بڕە نزیکەی ١٨ ملیۆن لیتر بۆ سنووری پارێزگای ھەولێرە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش وەکو بەشێک لە پارێزگای ھەولێر حیساب بۆ کراوە، ئێستا لە قەزاکانی چۆمان، سیدەکان و خەلیفان نەوت دابەش دەکەین، لە ماوەیەکی نزیکدا لە ھەر دوو قەزای مێرگەسۆر و ڕواندزیش ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن، ١٠٠ لیتر بۆ ھەر خێزانێک دابین کراوە، لەبەرامبەردا ٣١ ھەزار دینار لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەر خەتین بۆ ئەوەی تەواوی ھاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو بڕە نەوتە سوودمەند بن، کە ٨٨ ھەزار خێزان دەبن.