وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، قوتابییەکی کورد لە قوتابخانەیەکی ناحکوومیی کەرکووک بەهۆی کێشانی ئاڵای کوردستان لە وانەی هونەر دوورخراوەتەوە، بۆیە بڕیاری داوە خەرجیی خوێندنەکەی لە ئەستۆ بگرێت و کێشەکەی چارەسەر بکات.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە کە قوتابییەکی کورد لە شاری کەرکووک بە ناوی (دیار خەلیل) کە لە خوێندنی سیستمی ئیتیحادی و لە قوتابخانەیەکی ناحکوومی دەخوێنێت، بەهۆی ئەوەی لە وانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشاوە، بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، دەستبەجێ بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی ڕاسپاردووە کە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و دەبێت قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک (سەر بە حکوومەتی فیدراڵ) بکرێت.
ئالان حەمەسەعید ڕوونی کردەوە، پەیوەندی بە پەروەردەی کەرکووکەوە کراوە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە سبەی کێشەکە چارەسەر بکەن و لێپرسینەوە لەو قوتابخانەیە بکەن.
وەزیری پەروەردە بڕیارێکی تایبەتیشی بۆ قوتابییەکە دەرکردووە و دەڵێت: “بڕیارم دا پارەی خوێندنەکەی لە ئەستۆ بگرم وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو ئازیزە، دڵنیابن ئەو منداڵە بێ خوێندن نامێنێتەوە و جگە لەوەش هەموو قوتابخانە کوردییەکانی ئێمە لە کەرکووک لەبەردەمیدا کراوەن”.

