عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
بەرخۆدان، نوێترین بەرهەمی تۆمارکراوی گۆرانیبیژی کورد (کاروان نەی)ە کە پێشکەشی کوردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە.
کاروان نەی بە (هەولێر)ـی راگەیاند، بەداخەوە بەهۆی ئەو نادادپەروەرییەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت کە بەڕاستی جێگای قبوڵ نییە، وەکو هونەرمەندێک ئەو نادادپەروەرییانە زۆر ئازاریان دام، بۆ ئەوەی بتوانم پشتگیریی خۆم لە کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکەم، بڕیارمدا گۆرانییەکی نۆی تۆمار بکەم و پێشکەشیان بکەم.
کاروان ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی چەند ڕۆژێک سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەم گۆرانییە بووم و زۆریش پەلەم تیایدا کرد، بۆ ئەوەی بتوانم لەم کات و بارودۆخە سەختەدا لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی پشتیوانیی خۆم لە خوشک و برا کوردەکانمان لە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژئاوا بکەم، گۆرانیی بەرخۆدان کە بە ستایلی رۆژهەڵاتی مۆدێرنەوە تۆمار کراوە.
کاروانی نەی وتیشی، ئەم گۆرانییە یەکەمین کاری تۆمارکراومە بۆ کوردستانەکەم کە بەڕاستی دڵخۆشم بە کارەکەم و هیوادارم جێگای ڕەزامەندیی هەموان بێت.
کاروان نەی دەڵێت، داواکارم لە هونەرمەندانی کوردستان هەریەکە و لە بواری خۆیدا پشتیوانیی خۆیان لە کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکەن، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت نادادییمان لەبەرامبەر بکات و لێکمان بكات و جیاوازییەک لەنێوانمان دروست بکات، چونکە هەمیشە لای ئێمەی كورد 2+2 یەکسانە بە 1 و هەر بە یەکیش دەمێنێتەوە.
ئەو هونەرمەندە وتیشی “ئێمەی کورد هەموومان یەک دەست و یەک دەنگ و یەک رەنگین، ئاواتەخوازیشم ئەم دۆخە ئارام ببێتەوە و خوشک و برا کوردەکانمان دیسان لەنێو ماڵەکانی خۆیان بەئارامی بژین و خۆشی و پێکەنین بۆ هەمیشە بێتەوە سەر ڕووخساریان”.

