شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە ڕوانگەی هەستکردن بە پرسێکی نیشتمانی و بەشداری فراوانی چالاکوان و هونەرمەند و ڕۆشنفکرانی کوردستان و لە نێو ئاپۆڕەی جەماوەریدا، هونەرمەندی گۆرانیبێژ “جوان حاجۆ” کەوتە بەر پرسیاری “هەولێر” لە ئاخاوتنێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵوێست و یەکدەنگی و یەکڕەنگیی نەتەوەکەمانە لە تەواوی دنیادا، چونکە کوردانی ڕۆژئاوا خوێنی سووری خۆیان بۆ نیشتمان دەڕێژن و چاویان لەوەیە پشتیوانییان لێ بکەین و دڵیان بۆ حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانێ و عەفرین لێ دەدات.
بۆیە دەبێت هەمووان دەست لە ناو دەست و یەک ئاوازبین بۆ ئەو نیشتمانەی کە بووەتە ئەلفوبێ ناسنامەی کوردبوونمان و لە پێناو خاک و سەروەریی کوردستاندا درێژە بە بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا بدەین، کە ئێستا دژمنانی کورد، بێڕەحمانە بەربوونەتە گیانی کوردانی ئەو پارچە لەو نیشتمانە، بۆیە گشت چین و توێژەکان نابێت لە ئاست ئازار و ئەشکەنجەی پیر و گەنج و مێرمنداڵی کۆبانێ و عەفرێن و حەسەکێی زامدار بێدەنگ و بێهەڵوێست بین، دەبێت هەمووان پێکەوە ڕاپەڕین و لە دەرگای نەتەوە یەکگرتووەکان بدەین، کە بەدەم ئازاری کوردانی ئەو کەرتەی نیشتمان بێت، کە هەموو مێژووەکەی لە مەینەت بەسەربردووە و هەمیشە لە پێناو کوردووندا مافەکانی لێ زەوت کراوە و ئێستاش کەوتووەتە بەر شاڵاوی ئەوانەی هەزمی نەتەوەیەک ناکەن، کە ساز لەسەر خاک و نیشتمان و ناسنامەکەیان ناکەن.
گوتیشی: دڵنیا بن کورد داستانێکی نوێ لە مێژووی قوربانیدانی خۆی بە خوێنی سووری شەهیدانی لە ڕۆژئاوا دەنووسێتەوە و بۆ هەموو گەلانی دنیای دەسەلمێنێت، گەلێکی زیندووین و مەرگ هەڵدەبژێرین و سەر بۆ هیچ دژمنێک دانانوێنین، کە بیەوێت ناسنامەی کوردبوونمان لێ بسێنێتەوە.

