چەند ئامۆژگاریەك بۆ دەسپێکی قۆناغی سێیەمی تەمەن (پیرداگەڕان)

باشترین ڕێگا چیە بۆ مانەوە بە بەهێزی، دڵخۆش و دڕەوشاوە كاتێك پیرتر دەبیت ؟ ئەوە گرفتێكە كە لە دێر زەمانەوە بیری مرۆڤیان داگیر كردووە، فەڕەنسییەكان ساڵەكانی پایزی ژیان بە سێیەم ڕەهەندی ژیان و تەمەن ناو دەبەن و جەختیان لەوە كردەوە كە گرنگی ئەم قۆناغەی ژیانی مرۆڤ لە قۆناغەكانی گەنجی و ناوەڕاستی تەمەن كەمتر نییە، ڕەنگە كەوا پیر بوون قۆناغێكە كەوا هەموومان دەبێت پێیدا تێپەڕ بین، بەڵام دەتوانرێت ئەم قۆناغە درەنگتر بكرێت و دوا بكەوێت و هەندێك كێشەی پەیوەست بە ساڵەكانی خۆی دوور بخرێتەوە و بێگومان ئەمەش پێویستی بە هەوڵی ڕاستەقینە هەیە.

كەمێك پێش مردنی نووسەر ئەلیجا ئالێنبێرگ نووسی “من پازدە ساڵم لە فێربوونی چۆنیەتی ژیان وەكو پیاوێكی بەساڵاچوودا بەسەر برد. بۆ ماوەیەك باوەڕم وابوو ئەو ئارەزووەی من بۆ فێربوون لەگەڵ لاوازداگەڕانی جەستەدا، كاڵ دەبێتەوە، بەڵام لە كۆتاییدا بۆم دەركەوت كە جەستە بەر لە ڕۆح، پیر دەبێت و مرۆڤ دەبێت فێر بێت چۆن ژیانی پیاوێكی بەساڵاچوو بژیێت. ئەوە ڕاستە كە فێربوون قورسە بەڵام پێویستە. ژیان و تەمەنی درێژ لە یەك حاڵەتدا بەهای ڕاستەقینەی دەبێت بۆ مرۆڤ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر نەبێتە بارێكی قورس بەسەر ئەوانی تردا، ئەگینا ژیان خۆی لە خۆیدا دەبێتە بارێكی قورس لەسەری.”

خەمۆكی و هەستی نائومێدی
سیستەمی مێشكە دەماری بەساڵاچووان بێهێز دەبێت بە شێوەیەك كەوا دەبنە كەسانێكی زۆر هەستیار و خێرا كاردانەوەیان دەبێت لەسەر ڕووداوەكان بە شێوەیەكی نائاسایی، كەوا زۆر جار ناتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بارودۆخەكان، كەوا بۆ نموونە لەوانەیە لەگەڵ ڕووداوێكی خۆشی وەكو گواستنەوە بۆ ماڵێكی نوێ ببێتە هۆی ناڕەحەتی و نەگونجان، كەوا بچووكترین هۆكار و كۆسپ ببێتە هۆی خەمۆكی و بێهوایی، بە تایبەتی كەوا مرۆڤ لەگەڵ تێپەڕینی تەمەن هاوڕێیە كۆنەكانی لەدەست دەدات لە كاتێكدا ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ كەسانی نوێدا دروست بكات و بە دەگمەن دۆستی نوێ پەیدا دەكەن. پەیوەندی لەگەڵ دۆستە دێرینەكانی كەوا ساڵانێكی دوورودرێژ لەگەڵی بوون دەپچرێت، كەوا وای لێ دێت ئەگەر لە تەمەنی گەنجێتیدا كەسێكی وا بوو كەوا مامەڵەكردن لەگەڵی زۆر ئاسان بێت، كەچی ئێستا پاش پیربوونی زۆر زەحمەت دەبێت، هەردەم زۆر بێزارە لە كەسانی دەوروبەری و لۆمە و سەرزەنشت و سزایان دەدات لەسەر بچووكترین هۆ، خزم و دۆستانی بەرەبەرە بێزار دەبن لێی و دەبێتە مایەی نیگەرانیان بە هۆی زیادەڕەوی و گومانەكانی و مەیلەكانی.

تێڕوانینێكی فەلسەفیانە بۆ ژیان
ئایا پێویستە و گرنگە بۆ كەسێكی بەساڵاچوو كەوا فێر بێت چۆن زاڵ بێت بەسەر مەیلی ڕەتكردنەوە بۆ هەر شتێك كەوا نوێ بێت لە ژیانی. دەبێت تێڕوانینێكی فەلسەفی بۆ حاڵەتەكەی خۆی بكات بە شێوەیەك كەوا خۆی بە دوور بێخێت لە دروستكردنی كێشە لە شتە بچووكەكان، ئەگەر بكرێت بە وەرگرتنی هەڵوێستێكی ئەرێنیانە بەرامبەر ئەو بارودۆخە جیاوازیانەی كەوا لە ژیانیدا تووشی دەبێت، بێ ئەوەی هەڵبچێت یاخود تووڕە بێت بەڵكو شتەكان بە ئاسانی وەربگرێت.
ئەگەر دەتەوێت كەسێكی تەندروست بیت دەبێت گیروگرفتەكان لە مێشكت دەربكەیت، وەكو ئەوەی كەوا زاناكانی دەروونناسی دووپاتی دەكەنەوە كەوا هیچ كاتێك درەنگ نیە بۆ دوورخستنەوەی خۆت لە سیفەتە نەخوازراوەكانت لە خودی كەسایەتی خۆت، ئەگەرهاتو لە كۆتا تەمەنی ژیانت بیت.
ئەوەی زۆر گرنگە لێرە ئەوەیە كەوا ژیان نەبەینە سەر لەگەڵ هەڵگرتنی بیری هەستكردن بە بێسوودی، باشترین رێگا بۆ خۆڕزگاركردن لە بیرۆكە خراپەكان ئەوەیە كەوا خۆمان خەریك بكەین بەو مەسەڵنەی كەوا جێگای خۆشحاڵیمانە، گرنگیدان بە كەسانی تر بە تایبەتی ئەوانەی كە پێویستیان بە یارمەتیە یاخود سۆزداری؛ ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئەوەیە كەوا هەندێك بەساڵاچوو بە ئەنقەست خۆیان دوور دەخەنەوە لە كەوتنە ناو گیروگرفت یاخود پەیوەندی سۆزداری لە ترسی ئەوەی كەوا تووشی ژانە سەریان بكات، یاخود خراپ بێت بۆ تەندروستیان، لە جیاتی ئەمە خۆیان بە دوور دەخەنەوە لە كاری زیادە، زۆر بە توندی خۆیان خستۆتە ژێر باری سیستەمی ژیانی رۆژانەی خۆیان، وەكو رۆتینێكی بەردەوام و بێ گۆڕانكاری؛ بێ ئەوەی بزانن كەوا بەم شێوازەی ژیانیان جۆرە خۆویستیەك لە ناو خودی خۆیان دروست دەكەن كەوا تەشەنە دەكات بۆ دڵەڕاوكێ و دڵگرانی كەوا هۆكارەكەی گۆشەگیریەكە كەوا خۆیان تیایدا زیندانی كردوە. وەرزش و كاری جەستەیی لەگەڵ هەبوونی هەستی نەرێنی و نێگەتیڤەكان، لەشی مرۆڤ دەست دەكات بە دەردانی هۆرمۆنی (ئەدرێنالین) كەوا وا دەكات هەست بە (دڵەڕاوكێ و خەمباری) بكەیت، ئەم هۆرمۆنە دەسووتێت یاخود سڕ دەبێت ئەگەرهاتو مرۆڤ هەڵسا وەرزشی کرد و كاری جەستەیی، وەكو ئەوەی زانراوە كاتێك كەوا مرۆڤ لە قۆناغێكی تەمەن دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێكی تر، لە كارەكانیدا هێواشتر دەبێت، لەشی مرۆڤ بە دوای پشوودان دەگەڕێت، بۆیە لەگەڵ تێپەڕینی تەمەن دەست دەكات بە سەپاندنی كۆت و زنجیری نوێ لەسەر خۆی، ڕا مەكە، خێرا مەڕۆ، شتی قورس هەڵمەگرە (هەتا ئەوەی كە سووكە و زۆر بە ئاسانی دەتوانێت هەڵی بگرێت)، بەم هەڵسوكەوتەش، بە داخەوە، لە جیاتی ئەوەی پیری و بەساڵاچوون لە خۆی دوور بخاتەوە، نزیكی دەكاتەوە، تا ئەو ڕادەیەی كەوا لاشە بێسوود دەبێت، چونكە بەساڵاچوون كردارێكی ئاڵۆزە، لاشەی مرۆڤ بە ئاسانی لەناو ناچێت بەڵكو هەوڵ دەدات لەگەڵ بارودۆخەكان خۆی بگونجێنێت و چارەسەر بكات، لەبەر ئەم هۆیە دەبینین كەوا ئەو كەسانەی كار ناكەن چارەنووسیان مردن و كۆتاییهاتنە، چونكە لەناوچوون هۆیەكەی سستیە.

بلیمەتی داهێنەر لە كۆتایی تەمەن
توێژەری ڕۆمانی (كۆمیلۆس سیلسۆس) كەوا لە سەدەی یەكەمی زایینی ژیاوە دەڵێت: (پیاو دەبێت ژیانی هەمەجۆر بژیێت، ماوەیەك لە شار بەسەر ببات، زۆربەی كات لە دەشت و گوند و لە باوەشی سروشت و ڕاهێنانی جەستەیی بكات چونكە تەمبەڵی جەستە لاواز دەكات).
هەروەها توێژەرەوانی پزیشكی ئەمریكی ئەوەیان دۆزیوەتەوە كە پیاوان لە ساڵانی حەفتاكان هەست بە دوو ئەوەندە گەنج بوون دەكەن ئەگەر تەنها سێ كاتژمێر لە هەفتەیەكدا وەرزش بكەن، وەكو ئەوەی زانراوە كەوا ڕاهێنانی وەرزشی نەك هەر پارێزگاری لە هێز و توانا و حەزكردن لە ژیان دەكات بەڵكو پارێزگاری لە بیرێكی تیژ دەكات و تواناسازیەكی داهێنەر، زیاد لەوە وەكو ئەوەی بینراوە و تێبینی كراوە، كەوا كاركردن بە بیر و هزر، تەمەنی مرۆڤ درێژ دەكاتەوە، مێژوو گەواهیدەرە لەسەر زۆر حاڵەت لە بلیمەتی داهێنان لە كۆتایی تەمەن، بۆ نموونە، سۆفكلس ئەوەی وا نەوەد ساڵ ژیا و نووسینی تراژیدیا نایابەكەی بە ناونیشانی [ئۆدیبی پاشا] لە تەمەنی حەفتاوپێنج ساڵاندا تەواو كرد، هەروەها هونەرمەندی گەورە و بەناوبانگی ڕووس، ئیلیارین كۆتا شاكارە شكۆدارەكەی خۆی كێشا لە تەمەنی هەشتاوشەش ساڵاندا، شاعیری ناوداری ئەڵمانی گۆتێ لە تەمەنی هەشتاوسێ ساڵاندا شانۆگەری (فاوست)ی نووسی، لێرەدا بوارمان بۆ ناڕەخسێت بۆ باسكردنی كارە گەورەكانی پیاوانی گەورەی وەكو تیتیان، بێرناردشۆ، تۆلستۆی و زۆر كەسی تر.

سەرقاڵی بە كاری چڕوپڕ
یاسای زیندووەكان دەڵێت كەوا بەساڵاچوون كەمتر كاریگەری دەبێت لەسەر ئەو ئەندامەی كەوا زۆر كار دەكات، تا ڕادەی مێشك، زانایانی بواری دەروونناسی دەڵێن: بێ هێزی تواناییە هزریەكان بە تایبەتی بیرەوەری دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی پاڵنەری ئەقڵی زیاتر لە بەساڵاچوون. بۆیە ئەگەر مێشك بیەوێت ڕووبەڕووی پرۆسەی گەورەبوونی تەمەن ببێتەوە، دەبێت كاری چڕوپڕ بكات، ئەم بیروبۆچوونە زانای لەشناسی ژاپۆنی (باكوشیرۆ میسوجاوا) ورووژاندی و دوپاتی كردەوە، كەوا هەڵسا بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی سەرووی دەنگ بۆ مێشكی چەند كەسانێك لە تەمەنی جیاواز، لێرەدا چەند ئامۆژگاریەكی بەهێزكەر و تەواوكەر بۆ ئەوەی باس كرا لەم بابەتە دەخەینە ڕوو:
1_ لە بیرت بێت كە خوێندنەوە لە باری پاڵدانەوە بیرەوەری لاواز دەكات.
2_ بژاردە بدە بە خواردنی خواردەمەنی دژە ڕەقكردنی خوێنبەرەكان وەكو پەنیر، مریشك، ماسی سەردین، سۆیا، جگەر.
3_ ڕێژەی ئاسایی لە ڕۆنی رۆژانە لە تەمەنی پیریدا نابێت لە یەك گرام لە هەر كیلۆغرامێك لە كێشی لەشدا تێپەڕێت، لە بیرت بێت كە ڕۆنی سەوزە بۆ تۆ باشترە لە ڕۆنی ئاژەڵ.
4_ تێکەڵەی ڤیتامین هەر سێ یان چوار مانگ جارێك وەربگرە، ڤیتامینەكان دڵ و سیستەمی دەمار بەهێز دەكات و دەمارەكانی مێشك لە ڕەقی دەپارێزن.
(سەرچاوە: گۆڤاری (الف باء) ژمارە (1088) لە بەرواری 2ی ئابی 1989، لە وەرگێڕان و ئامادەكردنی مجید العبیدی).

ھەواڵی زیاتر