رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەیەكی دیكەی گرنگ و ستراتیژی بۆ چاودێریکردن و بەرێوەبردنی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی ڕاگەیندرا

ئەمرۆ سێشەممە 2026.1.27، لە چوارچێوەى هەوڵەکانى زیادکردنى ئاوى سەرزەوی و ئاوى ژێر زەوی و گلدانەوەى ئاو و ئەنجامدانى ئەو پڕۆژانەى کە کاریگەریى گەورەیان دەبێت لە هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و یان بریم، سەرکۆنسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر و سەروەر كەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێم و كاروان سەباح، بەرێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و ژمارەیەکی ترلە بەرپرسانی ئیداری، لە ڕێورەسمیكدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێم و کۆنسوڵخانەی گشتی فەرەنسا لە هەولێر لە چوارچێوەی پڕۆژەی (( کیوانۆ ، گرینستیزن )) واژووكرا.

ئەم پڕۆژەیە كەسەرەتایەکی گرنگ بۆ پاڵپشتی ژێرخان و باشتر چاودێریکردن و بەرێوەبردنی ستراتیژی بەکارهێنانی ئاو و چۆنیەتی دەستگەیشتن بە داتا و زانیاری پێویست و ورد لە بارەی داهاتی ئاو و چۆنیەتی بەکارهێنان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، یەكەیمن جار لە هەولێر پایتەخت دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت بە دانانی وێستگەی تایبەت بۆ خوێندنەوەی ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێر زەوی.

لەڕێورەسمەكەدا، پارێزگار هەولێر وێڕای بەرز نرخاندن و گرنگی و پێویستی پڕۆژەكە، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە پر بایەخ و هاوبەشەکان و دۆستایەتی دێرین و مێژوویی نێوان حکومەتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی و بەشداری کارایی وڵاتەكە لە کەمکردنەوەی کاریگەری و مەترسییەکانی گۆرانی کەش و هەوا و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و کشتوکاڵی و ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو و پڕۆژەکانی ئاودێری كردەوە.