وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتی هۆڵەندا کرد و دۆخی رۆژئاوای کوردستانیان تاوتوێکرد و لە کۆبوونەوەکە باس لە رۆڵی رۆژئاوا کرا لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش.
ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئەدریان ئایسلستین کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا و تیمی سەربازیی هاوپەیمانان. لە دیدارەکەدا دۆخی ناهەمواری ڕۆژئاوای کوردستان و پرۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەت تاوتوێکران.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند: “دۆخی ڕۆژئاوا ناهەموارە و شەڕێکیان بەسەردا سەپێنراوە. داواکارین حکوومەتی هۆڵەندا لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی لە ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، فشار دروست بکات بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕ و ماڵوێرانییە.”
شۆڕش ئیسماعیل جەختی کردەوە کە کوردانی ڕۆژئاوا پارێزەری مرۆڤایەتی بوون و گوتی: “کوردانی ڕۆژئاوا بە دەیان هەزار شەهیدیان بەخشیوە بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش و تێرۆر، بۆیە ئەرکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایە لەم قۆناغە سەختەدا پاڵپشتیان بن.”
کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان کردووە، جەختیشی کردەوە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە باس کرا. وەزیری پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەی چاکسازی بەردەوامە و بەشێکی زۆری کارەکان بە سەرکەوتوویی کۆتاییان هاتووە.

