وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زۆربەی ئامادەکارییەکانی حەجی ئەمساڵ تەواو بوون و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە پێدانی ڤیزای حاجیان دەکرێت.
کاروان ستوونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2026 گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا مامەڵەی سەرجەم حاجیانی ئەمساڵ تەواو کراوە و تەنانەت ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە بەغدان بۆ ئەوەی پێش وادەی دیاریکراو مامەڵەکان یەکلا بکەنەوە.
سەبارەت بە ڕێکارە نوێیەکان، کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە چەندین ڕێنمایی نوێ جێبەجێ دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە ڕیزی پێشەوەی ئامادەکارییەکانە و زیاتر لە 90%ی کارەکان تەواو بوون.
وتەبێژی حەج و عومرە دڵنیایی دایە حاجیان کە ئەمساڵیش پلانیان هەیە بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەن و لە وەرزی حەجدا چەندین خزمەتگوزاریی نوێ دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

