رۆژنامەی ھەولێر

ئەمریکا هۆشداری بە بەغدا داوە لە حکوومەتی داهاتوودا میلیشیاکان بەشدارییان پێ نەکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمریکا بەرپرسانی عێراقی لەوە ئاگادار کردۆتەوە لە حکوومەتی داهاتوودا میلیشیاکان بەشدارییان پێ نەکرێت و هەڕەشەی کردووە ئەگەر بەقسەی ئەمریکا نەکەن ئەوا ئەمریکا ڕاستەوخۆ سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت و ڕووبەڕووی کێشە و تەنگژەی ئابوورییان دەکاتەوە.

گرووپەکانی حەشدی شەعبی و ئەو لایەنانەی ئەمریکا ناکۆکی لەگەڵیاندا هەیە و بە ئاڵۆزی و بەتاڵانبردنی سامانی عێراق و پووچەڵکردنەوەی سزاکان تۆمەتباریان دەکات لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لانی کەم شەست کورسیی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەر کرد .
ئەوان لە ڕووی یاساییەوە بەپێی قەبارەی کورسییەکانیان بۆیان هەیە بچنە نێو هاوپەیمانێتی و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق بەڵام بە پێچەوانەی خولەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق ئەم جارە تەنانەت بەر لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، ئەمریکا خەت و نیشانی بۆیان دەستنیشان کرد.
ئەمریکا چەند جارێک لە ڕێی مارک ساڤایای نوێنەری تایبەتیی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق ئەوەی بە گوێچکەی بەرپرسانی باڵای عێراق بە تایبەت شیعەدا چرپاندووە کە چارەیەک بۆ دەسەڵاتی گرووپەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان بدۆزنەوە و کۆتاییان پێ بهێنن.
لەم ڕۆژانەشدا جارێکی تر ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە لێدوانی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراقی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکەن ڕاستیی ئەو هەڕەشانەیان پشتڕاست کردۆتەوە.
ئەمریکا چەند جارێک پێی گوتوون نابێت بە هیچ شێوەیەک گرووپەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان لە حکوومەتی داهاتوودا بەشدارییان پێ بکرێت و هیچ پۆستێکیان پێ بدرێت و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات ئەوا ئەمریکا سزای قورس بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت و ڕێگە نادات ئەو دۆلار و داهاتەی عێراق بە پشتبەستن بە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بگوازرێتەوە.
ئەمریکا پێی وایە بەردەوامیی مانەوەی گرووپە میلیشیاکان لە دام و دەزگاکانی عێراق دەبێتە هۆی لەباربردنی سزاکانی ئەمریکا و بۆیەش ئامادە نییە هیچ هەنگاوێکی دیکەیان لێ قبوڵ بکات.
ئەمریکا چەند جارێک سزای بەسەر بانکەکانی عێراقدا سەپاندووە و مامەڵەی دارایی لە دەیان بانک و دامەزراوەی دارایی بڕیوە. لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو ئەمریکا شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران و بە قاچاخبردنی چەک سزا دا، لەوانەش کۆمپانیای موهەندیس و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی عێراقی و ژمارەیەک نەرپرس و دامەزراوەی دیکە.
تەنانەت ئەو مەترسییە هەبوو سزا بەسەر بانکی ڕافیدەیندا بسەپێنرێت کە بانکێکی گەورەی فیدراڵییە و زۆربەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە ڕێی ئەو بانکەوە دابەش دەکرێت. ئەگەر ئەمریکا ڕێگری لە گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ بانکی ناوەندی بکات ئەوا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵاوسان و دۆخی بازاڕەکان و دابەزینی بەهای دینار دەبێت.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی شەممە لەسەر یەکشەممەی ئەم هەفتەیە نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بەربژێر کرد، هەنگاوێک کە پێشوازی کوردیشی بەدواوە بووە. سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە نووری مالیکی ڕای گەیاندووە کە لە چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و نەهێشتنی كۆسپ و ئالنگارییەكانی وڵاتدا پشتیوانی دەبێت.
بەو پێیە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت لایەنەکانی شیعە بە بێ هیچ ناکۆکییەک دواجار نووری مالیکی سەربخەن ئەوا ئەرکی ڕاسپاردەکەی ئەمریکا دەکەوێتە سەر شانی نووری مالیکییەوە، کەسایەتییەکی بەهێزی شیعە و ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە کە پێشتر دوو خول لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بووە و لە سەرجەم کابینەکانی دیکەی عێراقیش خۆی و حزبەکەی سێبەریان بەسەر حکوومەتدا هەبووە.
لەسەردەمی نووری مالیکی زۆرترین ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و گرووپە میلیشیاکان سەری هەڵدا و هەر لەسەردەمی ئەویشدا ململانێ و شەڕی تایفی گەیشتە لووتکە و لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتیشی دا داعش سەری هەڵدا و وڵات ڕووبەڕووی دۆخێکی ناخۆش بوویەوە.
دوای ئەو ئەزموونە درێژەی نووری مالیکی هەیەتی دەکرێ حکوومەتێک دابمەزرێنێت کە مایەی ڕەزامەندی شیعە و کورد و سوننە و هاوپەیمانەکان بێت و عێراق لە کێشە و قەیرانی نوێی ئەمنی و دارایی بپارێزێت.