د. عەبدوڵا شێرکاوەیی*
بەکارهێنانی ئایین و زاراوەی ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی تاوان و ستەم و کاری نامرۆڤانە بەتایبەت بەرامبەر هاووڵاتیانی ناو وڵاتی خۆت، بەر لە هەر لێکدانەوەیەکی تر گەورەترین تاوانە بەرامبەر ئیسلام خۆی دەکرێ، چونکە ئیسلام ئامرازی شەڕ و کوشتار و خوێنڕشتن نیە، بەڵکو ئایینی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە، ئایینێکە راشکاوانە دەستدرێژی بۆ سەر خوێن و ماڵ و کەرامەتی مرۆڤی قەدەغە کردووە، تەنانەت لە کاتی جیهادیش رێگەی نەداوە ئافرەت و منداڵ بکوژرێن و شاربەدەر بکرێن، یان سووکایەتی بە کەزیەی کیژۆڵەیەک بکرێت و لە بەهای مرۆڤبوونی کەم بکرێتەوە.
ئەوەی وەزارەتی ئەوقافی سوریا بە ناوی دین کردی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کورد، هەمان ئەو ستەمە بوو سەدام بە ناوی سوڕەتی ئەنفالەوە بەسەر گەلە بسڵمانەکەی کوردیدا هێنا و پتر لە 180هەزار کەسی ئەنفال و کیمیاباران کرد، ئاخر بەکارهێنانی چەمکی ئایینی (فتوحات) کە لە سیاقی فەرموودە و قۆناغێکی دیاریکراودا بەکار هاتووە بۆ بێباوەڕ و دووڕووەکانی مەککە کە تا سەر ئێسقان دژی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بوون، بە چ لۆژیکێک رەوایە بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی موسڵمان بەکار بهێندرێتەوە؟ ئەمە ناراستەوخۆ کافراندنی گەلی کورد و دوورخستنەوەی کوردە لە دین و حوکمدانێکی کوێرانەیە و، لە ئیسلامدا باجێکی قورسی هەیە؛ خۆیان دەڵێن شەڕەکە سیاسیە، ئەی چ عەجەب ئایین و مزگەوت و منارە و زاراوەی ئیسلامی وەک ماکینەی گڕدانی ئاگری فیتنە بەکار دێنن و بۆیاغی کاری دڕندانەی خۆیانی پێ دەکەن؟ ئەمە لە رووی ئەخلاقی و شەرعییەوە کارێکی ناڕەوایە، ئەمە لێدانە لە دین نەک دینداری بێت! ناشیرینکردنی ئیسلام و تەکبیر و فتوحات و ئایەتی قورئانە لەژێر دروشمی دینداری ئایدۆلۆژی و مەسڵەحەتخوازی! ئیسلام ئامانەتە بەر لەوەی تەبلیغ بێت، ئەوانە چۆن لەخوا ناترسن وا غەدر لە ئیسلام دەکەن و ئەو ئامانەتە گەورەیە لەبەر چاوی جیهان نابوود و ناشیرین دەکەن، ناهەقی نیە بڵێین بە نیسبەت ئەو بە ناو موسڵمانانەی لەبەرگی داعشی و نمایشی ریشپۆشی بۆ گەوجاندنی خەڵک دین بۆ کارەسات و لێدان و ماڵوێرانی بەکار دێنن، کورد گەلێکی موسڵمانی عەیار بیستوچوارە.
خۆشبەختانە هۆشیاری کورد و دیندارانی کوردستان لەپاڵ هەموو هەوڵەکان هاتنە دەنگ و بەرپەچی ئەو شێواندن و فەتوا سەقەتەی ئەوقافی سوریایان دایەوە و دەنگدانەوەی گەورەی بە گوێی جیهانی ئیسلامی و بانگخوازە ئیسلامیەکان و ناوەندە ئایینیەکانی سووریا چرپاند، کە پەڵەیەکی رەشە بۆ دامەزراوەی ئایینی سوریا، ئاماژەیەکی نامۆیشە بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکات، چونکە ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلامە، ئەم دەنگدانەوەیە وای کرد دوای دوو رۆژ ئەوقافی سوریا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و بەیانێکی تر دەربکات و پاساو بۆ کارە قێزەونەکەی پێشتریان بێننەوە.
ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا ئەوەیە: با هەموو دژمنانی کورد دڵنیا بن لەوەی کورد هەرچیەکی بەسەردا بێت، واز لە دۆزی رەوای خۆی ناهێنێت و دەسبەرداری شوناس و مافی خۆی نابێت، ئەوەی لە رۆژئاڤا رووی دا هەستی هەموو کوردانی دنیای کۆ کردەوە و ئازار و دەنگی کوردی بە هەموو جیهان گەیاند، ئێستا لە هەموو کات زیاتر کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکەی یەکهەڵوێست و پشتیوانی یەکترە، ئەمە ئومێدێکی گەورە و پێشوەچوونێکی تازەیە لە ئاراستەی هزری نەتەوایەتیی میللەتی کورد، کە بە هەموو جیاوازییەکانەوە لەسەر بەهاناوەچوونی هاواری کوردانی رۆژئاڤا، دلێرانە هاتنە مەیدان و هاودەنگ بوون.
گرنگە ئاقڵانە هەنگاو بنێین و واز لە رق و کینە و ململانێی ناوخۆیی بێنین، چ ئەوانەی بە بیانووی هەستی دینداری رەخنە لە نادیندارێک دەگرن، یان ئەوانەی بە پاساوی نەتەوەیی لە ئایین دەدەن، بێ ئاگا لەوەی ئایین هانی بەرگری لە گەل و نیشتمان دەدات و هەستی نەتەوەپەروەری بە بەشێک لە دینداری دادەنێت، ئەرکی هەمووانە لە ئاست پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بین و بە ئیرادەیەکی گشتییەوە لە ئاسۆ بڕوانین.
کورد وەك گەلێکی موسڵمان ئاشتیانە ئیسلامی وەرگرتووە و لەم چوارچێوەیەدا ئینسانیانەش بیر دەکاتەوە، بۆیە هیچ کات ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بۆ لێدان و چەواشەکردن و ستەم و قەتڵوعامی کەس بەکار نەهێناوە، ئەگەرچی بە ناوی ئیسلامەوە ناهەقی گەورە بەرامبەر کورد کراوە، تەنانەت قەت خێر و خۆشی لە عەرەبی شۆڤێنی و تورک و فارس و رژێمە شیعی و سوننییەکان نەبینیوە، وڵاتانی زلهێزی دیکەی دنیایش هەر لێ گەڕێ، هەموویان بەرژەوەندی خۆیان بەلاوە گرنگە و بە قەزیەی کوردی ناگۆڕنەوە، کە کار گەیشتە سەر مافی نەتەوەی کوردیش، هەمووان دەبنەوە یەک و وەک دڕک لە پێی کوردڕا دەچن و رەحم بە کورد ناکەن.
بەکورتی تێگەیشتین چی دەگوزەرێ و چۆن دەگوزەرێ، بەڵام لەم قۆناغە ناکرێ کورد بە بێدەنگی قەتلوعام بکرێت، دەنگی کورد دەنگدانەوەی هەیە لە جیهان و کاردانەوە دروست دەکات، کەواتە سەردەم سەردەمی ئەوەیە “کوردانە” بیر بکەینەوە و خۆمان دۆستی خۆمان بین و یەکگرتن و تەبایی نێو ماڵی خۆمان بکەینە هەوێنی ئومێدی ئایندە و چیتر بە دروشمی بێ ناوەرۆکی عەرەبی موسڵمان و بانگەشەی گەلانی دیموکراسیخواز نەخەڵەتێین.
*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

