سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار ڕاگەیاند و وا بڕیارە سبەینێ رۆژی سێشەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی وڵات کۆببێتەوە.
پۆستی سەرکۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە. بەپێی لێدوانی، فوئاد حوسێن، کە بەربژێری پارتییە بۆ ئەو پۆستە، لیستی کۆتایی کاندیدان 18 کەسی لەخۆدەگرێت، و لە کۆتاییدا پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات کە لەنێوان ئەو کاندیدانەدا کێ بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرێت.”
هەر لەو بارەیەوە، فوئاد حوسێن، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی تا ئێستا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەر لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئاماژەی بە هەستیاری قۆناغەکە و مەترسییەکان کرد لە پەرەسەندننەکانی ئەم دواییەی سووریا و ڕایگەیاند؛ بابەتی زیندانیانی داعش پرسێکی ستراتیژییە و ڕاستەوخۆ بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە گرێدراوە، بەتایبەت کە زۆربەی ئەو زیندانیانە “سەرکردەی مەترسیدارن”. ئاشکراشی کرد کە حکوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنی سووری گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ وەرگرتنەوەی تەنیا ئەو چەکدارانەی کە ڕەگەزنامەی عێراقییان هەیە.
وتیشی؛ ئێمە ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەیان، بەڵام تێبینیمان هەیە و داوامان لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە کە بەرپرسیارێتیی گواستنەوە و تێچووی دارایی ئەم پڕۆسەیە لە ئەستۆ بگرن.” ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە ڕێکاری تووند بگیرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زیندانانە و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتنی چەکدارانی داعش.

