وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی مووچەكانی ساڵی 2026 بڵاو دەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت كە تا ئێستا هیچ رێككەوتنێكی نوێیان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەمباریەوە نییە.
وەزارەتی درارایی لە راگەیەنراوەكەدا دەڵیت: سەبارەت بەڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، ماوەی چەند ڕۆژێکە چەندین لێدوان و شیکردنەوە و لێکدانەوەی نادروست لەسەر ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاو دەبێتەوە، بە پێویستمانزانی ئەم بەرچاوڕوونییانە بخەینەڕوو:-
1- تا ئێستا لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵەوە هیچ بریار و ڕێنماییەک سەبارەت بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی 2026 نەگەیشتۆتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
2- تا ئێستا هیچ ڕێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە.
3- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچە.
4- هیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمدا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە ( واتە بڕیار و ڕێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لە ساڵی 2026).
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش دەكات “بۆیە تکایە هەرکەس و لایەنێک کە شارەزای ئەم ڕێکەوتن و ڕێنمایی و ڕێکارانە نییە، زانیاری هەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی 120 ملیار دینارەكە بڵاو نەکاتەوە، تا لەو ڕێگایەوە بیەوێت بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات.

