لەوە زیاتر..
بەناخی خۆتا رۆمەچۆ
بەرد کون نابێ،
بەنووکی خامەی دڵناسک
بڕۆ لەبەر تاڤگەی وشە..
بەگوڵاوی کۆرپەی شیعرێک..
بەخوێنی دێڕێک خۆت بشۆ.
بزانە گوڵ لەکوێ دەڕوێ
چیا چۆن دەگری بۆ باران.
باران لەهەور دەرباز دەبێت
ڕوو دەکاتە گەرووی زستان
زستان لەکەژ ئاوا دەبێ
ئاو دەکاتە هاوڕێ و میوان.
کەتۆم ناسی..
نەمدەزانی،
شنەی با چۆن تەختی سینە
بەسەمای شەو دەسرەوێنێ
هاتم لەبەرامەی سروشت
ڕۆژ بتاشم.
لەیادم چوو..
پەیکەر دەمکات، بەتۆ پەرست.
بۆیە هەموو وێنەکانم تێکشکان و
بەرەو شەپۆل
وێردم بۆ عەشقت خوێندەوە..
زانیم مەلە باسکی دەوێ.
بۆ قەڵبەزە…؟
بە خەندە تێکەڵ گیان دەبێ
سنوور پەیوەست ..
بۆ دەروونی خەو ڕادەخا
تاریکی دەبێتە
شیبای ئەمڕۆ،
دوێنێش تۆ خۆش.
ئاییندەش ناتوانێ،
ژیلەی خەونێک بخاتە کۆش.

