كارزان گلی – ههولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، واز لە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ناهێنێت و زۆر نیگەرانە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ٢٠٢٥ی پێ نەدراوە، بۆیە نامەیەك بۆ سەرۆكوەزیرانی نەرویج دەنێرێت و گلەیی دەكات.
ترەمپ بۆ ئەوەی چاوی میدیا و سیاسییەكانی لەبارەی گرونلاند لە دانیمارك لەسەر لابچێت، باس لە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەكات.
گرونلاند، خاكی دانیماركە و ترەمپ دەڵێت دەبێت ئەو خاكەم پێ بفرۆشن، چونكە بۆ ئاساییش ئەمریكا گرنگە ئەوێ سەر بە ئەمریكا بێت، ئەمەش گرژییەكی گەورەی لە نێوان ئەمریكا و ئەورووپا دروست كردووە.
ستۆر سەرۆكوەزیرانی نەرویج، بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی فینلەندا نامەیەكیان بۆ ترەمپ ناردووەتەوە، بەڵام باسیان لە گرونلاند كردووە، نیگەرانی خۆیان لەو بارەیەوە بە ترەمپ گەیاندووە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پێی بڵێن، ئێمە گرونلاندمان بیر نەچووە، وەكوو چۆن تۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیت بیر نەچووە.
ترەمپ لە نامەكەدا وای بۆ سەرۆكوەزیرانی نەرویج نووسیوە: ”تاوەكوو ئێستا هەشت شەڕم وەستاندووە، بەڵام وڵاتی ئێوە بە شایانی نەزانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیمان پێ بدات، ئیدی هەست بەوە ناكەم سەر بخەمە سەر ئاشتی لە جیهاندا.“
باسی لەوەش كردووە، هەرچەندی ئاشتی بكەوێتە ژێر فشار، بەڵام من ئیدی پەیوەست دەبم بەوەی چی بۆ ئەمریكا باشە و چی خراپە، تەنیا بیر لە ئەمریكا دەكەمەوە.
ترەمپ پێی وایە، ئەگەربێتو گرۆنلاند نەدرێتە ئەمریكا و پێی نەفرۆشن، ئیدی هیچ شوێنێكی جیهان ئارام نابێت، بۆیە دەبێت ئەو شوێنە بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەمریكا.
ترەمپ دوو خولە سەرۆكی ئەمریكایە، خۆی پێ شایانە ئەو خەڵاتەی پێ بدرێت، چونكە هەشت شەڕی راوەستاندووە، هەموو هەوڵێكیشی دا تا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ٢٠٢٥ وەربگرێت، بەڵام لیژنەی هەڵسەنگاندن، خەڵاتەكەیان بەخشییە، ماریا كۆرینا، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی فەنزوێلا.
ماریا، لە ١٦ی ئەم مانگە، چووە كۆشكەسپی و چاوی بە ترەمپ كەوت، خەڵاتەكەی دایە ترەمپ و دەستخۆشیی لێ كرد کە ئەو هەموو شەڕەی لە جیهاندا راگرتووە و ئاشتیی هێناوەتە بوون، بەڵام ترەمپ دەیەوێت خەڵاتەكەی لە نەرویجەوە پێ بدرێت.
وەكوو ئەوەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، لەبەرئەوەی باراك ئۆباما، ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە، بۆیە ترەمپ لێی بووە بە گرێی نەفسی و دەیەوێت ئەویش وەریبگرێت، هەروەها بۆ خۆی گوتوویەتی، ئەوەندەی ئەو لە خەمی ئاشتیدا بووە بۆ جیهان، ئۆباما ئەوەندەی ئەوی نەكردووە، بۆیە بۆچی بە شایستەی نازانن خەڵاتەكەی پێ بدەن.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بە یەكێك لە خەڵاتە هەرە گرنگەكانی جیهان دادەنرێت، لەناو پەرلەمانی نەرویج دەنگ لەسەر پێنج كەس دەدەن، تا ببینە لیژنە بۆ ئەوەی كەسێك هەڵبژێرن ئەو خەڵاتە وەربگرێت، بۆ ٢٠٢٥، ترەمپیان بە شایستە نەزانی، ئەمەش ترەمپی نیگەران كردووە.
پێشتریش مستەفا كەمال ئەتاتورك، زۆر هەوڵی دا ئەو خەڵاتە وەربگرێت، بەڵام بە شایستەیان نەزانی، ئەگەرچی بەربژێریش كرا، بەڵام لیژنە پێی شایستە نەبوو؛ زۆرجار لە میدیاكانی توركیاوە باس لەوە دەكرێت، غەدر لە ئەتاتورك كراوە، كوردەكانیش پێیان وایە بەهۆی ئەوەی مافی كوردی لە توركیا نەداوە، بۆیە خەڵاتەكەی نەبردووەتەوە.

