رۆژنامەی ھەولێر

ئاكپارتی دەڵێت لە سای ئەوانەوە، خەڵکی تورکیا زیاتر لە جاران تەمەن دەکەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەرلەمانتارێكی سەر بە ئاكپارتی، دەربارەی مووچەی خانەنشینی و پێداویستی ژیانی خانەنشینان، هەرایەكی گەورەی لە توركیا ناوەتەوە و لە گوتەکەیشی پەشیمان نییە.

ئیسماعیل گونەیش، پەرلەمانتاری سەر بە ئاكپارتی، لە وتارێكدا لە پەرلەمانی توركیا، دەربارەی مووچە و ژیانی خانەنشینان دەڵێت: ”رێژەی خانەنشین لە توركیا زۆر زۆرە، گەیشتووەتە ١٧ ملیۆن، ئەمە ژمارەیەكی گەورەیە. ئێمە توانیمان بەهۆی دابینكردنی پێداویستیی ژیانی خانەنشینان، تەمەنی خانەنشینان بەرز بكەینەوە، پێشتر ئەوەندە تەمەنیان نەدەکرد.“
ئەم گوتەیەی گونەیش، هەرایەكی گەورەی لە توركیا ناوەتەوە و ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن، ئایا ئێمە تەمەنی خانەنشینمان كورت كردووەتەوە و ئێوە زیادتان كردووە؟
رەوشی خانەنشینان لە توركیا لەوپەڕی خراپیدایە، چونكە ئەو مووچەیەی وەریدەگرن، بەشی ژیانیان ناكات و بەردەوام داوای زیادكردنی مووچەكەیان دەكەن.
گونەیش تەمەنی خانەنشینی لە توركیا بەشێوەیەكی گشتی بە ٧٨ ساڵ دیاری كرد، پێی وایە بەهۆی ئەوەی خانەنشینان تەمەنیان زۆر بووە، بۆیە ژمارەیان زیاد دەكات، ئەمەش پێویستی بە مووچەیەكی باشە و بارگرانییەكی زۆرە بەسەر بودجەی گشتی وڵات.
باسی لەوەش كرد، ئاكپارتی بووەتە هۆی ئەوەی پێداویستی تەندروستیی خانەنشینان باش بكات، هەروەها بە جوانییش خۆراكیان بۆ دابین بكات، ئەمەش تەمەنیان درێژ دەكات.
چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە جەهەپە، وەكوو وەڵامدانەوەیەك بۆ گونەیش، دەڵێن تۆ دەتەوێت خانەنشینان نەژین و تەمەنیان كورت بێت؟ دەتەوێت ئەوان لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا بمرن و مووچەكەیان ببڕن و داهاتی وڵات زیاد بێت؟ ئەمە كەی ویژدانە؟
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، مامناوەندی تەمەنی مرۆڤ لە توركیا بە شێوەیەكی گشتی و خەمڵاندنی تەواو، ٧٨ ساڵە بەڵام ئەو رێژەیە لە وڵاتانی ئەورووپا زیاترە.
لە وڵاتانی ئەفریقیا تەمەنی مرۆڤ ٦٣ ساڵە، چونكە پێداویستی ژیان و تەندروستییان وەكوو پێویست نییە، بۆیە كاریگەریی زۆری لەسەر تەمەنیان كردووە.
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی رەوشی ئابووریی زۆر خراپە، نرخی خۆراك بە شێوەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە، هەروەها قوتابیان وەكوو پێویست تێر ناكرێن كاتێك دەچن بۆ قوتابخانە، بۆیە پەرلەمانی توركیا، دایمە شەڕی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی لێیە؛ داوا دەكەن ژیانی خەڵك باش بكرێت بەشکەم مووچەی خانەنشینان بەشی ژیانیان بكات.
رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە، لە توركیا لە هەر پێنج كەسێك یەكیان وەكوو پێویست تێر نییە و پێداویستی خۆراكی نییە، بەڵام ئەم رێژەیە لەلای ئۆپۆزسیۆنی توركیا رەت دەكرێتەوە و پێیان وایە، لە هەر پێنج كەسێك سێ كەسیان تێر نییە و وەكوو پێویست خۆراكی نییە.
لە بودجەی ٢٠٢٦دا، حكوومەتی توركیا زیاتر لە یەك ترلیۆن لیرەی توركی لە پارەی دابینكراو بۆ دابینكردنی خۆراك بۆ خەڵك زیاد كرد، چونكە پێشتر ئەو پارەیەی دابین كرابوو وەكوو پێویست نەبوو و نەتوانرا بە گوێرەی پێویست خۆراك بگەیەنرێتە خەڵك.
هەرایەكی گەورە لەناو پەرلەمانی توركیا و میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن دروست بووە، بەوەی رەوشی خەڵك زۆر خراپە و ئەگەر هەروا بەردەوام بێت، خەڵك بەرگە ناگرێت و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن.