ڕائیب جادر – هەولێر
لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ھەزاران پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێن، بۆ ئەمەش وردبینی کردنی ناوی فەرمانبەران کۆتایی ھاتووە. لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی، دەڵێ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە فەرمانبەرانی گرێبەست ھاوشێوەی فەرمانبەرانی ھەمیشەیی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، مەرجەکان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست ھەمان مەرجەکانی فەرمانبەری ھەمیشەیین.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی، ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە فەرمانبەرانی گرێبەست ھاوشێوەی فەرمانبەرانی ھەمیشەیی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، ڕێنماییەکان لە نێوان وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و دوای بڵاوبوونەوەیان لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، فەرمانبەری سوودمەند دەتوانێت مامەڵەکانی دەست پێ بکات، کە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوببێتەوە و ڕێکارەکان دەستپێبکات.
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی، گوتیشی: مەرجەکان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست ھەمان مەرجەکانی فەرمانبەری ھەمیشەیین، دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان، نووسراوی فەرمی بۆ سەرجەم شارەوانییەکان دەکرێت تا دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا بکەن کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شاراوەنییەکانی ئیدارەی سۆران، ئاشکرای کرد: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستمان بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ دانانی نەخشەی کەرتی لە سنووری شارەوانییەکانی ڕواندز، چۆمان، خەلیفان و سیدەکان لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان کارەکانی وردبینی کردنی ناوی فەرمانبەران تەواو بووە و بەر لە جەژنی نەورۆز زەوی بەسەر بەشێکی فەرمانبەران دابەشدەکرێت، لە ڕواندز، خەلیفان، چۆمان و سیدەکان ڕووپێوی و ئامادەکاری تەواو کراون.
بەڕێوەبەری گشتی شاراوەنییەکانی ئیدارەی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا ناوی زیاتر لە ٤٠ ھەزار کەس گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، لەو ژمارەیەش ٢٧ ھەزاریان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران لە کۆی ٢٢ شارەوانی کە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی سۆرانن، ١٣ ھەزار ناویش ھی سەرۆکایەتی شارەوانی سۆرانە، کە ئەو شارەوانییە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران نییە.
خەسرۆ ئیسماعیل، ئەوەشی گوت: سەرباری ئەوەی ناوچەکەمان ھەڵکەوتەی جوگرافی بەردەلان و شاخاوییە ئەو ڕووبەرە دەشتاییەمان نییە کە بتوانین بە ئاسانی نەخشەی کەرتی دروست بکەین، ھۆکاری دواخستنیش بۆ ئەوە بوو کە ڕێژەی سوودمەندبووان زیاترە لەو زەویانەی ئامادەکراون و داخوازی ئێمەش ئەوە بووە کە بتوانین ئەو زەویانەی دابەشدەکرێن شایستە بن بەو خزمەتە و ماندووبوونەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کردوویانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شاراوەنییەکانی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: بڕیارماندا دەست بە دابەشکردنی ئەو ڕێژەی زەویانە بکەین کە لەبەردەستمانە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیک لە قەزای ڕواندز و خەلیفان دەست بە دابەشکردنی زەویەکان دەکەین بەسەر ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی ڕەزامەندیان ھەیە.

