ڕائیب جادر – هەولێر
ڕائیب جادر – هەولێر
بەفر گەرم و گوڕی خستووەتە دڵی گەشتیاران، ئارامی و سەقامگیری، دیمەن و کەشی کوردستان ئەوەندە سەرنج ڕاکێشە بەڵای گەشتیارانەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان کوردستان و ئەوروپا نابینن. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو بایەخدانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتیاری داوە، توانراوە ٨٠ پڕۆژەی گەشتیاریی جێبەجێ بکرێن و ڕێژەی ھاتنی گەشتیارانی بیانیش گەیشتووەتە ٢٥%. .
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناوچەیەکی شاخاوی و کوێستانییە و خاوەن زیاتر لە ١٠٠ شوێن و ناوچەی گەشتیارییە و ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، بەڵام زستان و بەفر گەشتیاری زۆر دێنێتە ئەم دەڤەرە.
لەیلا مەحموود، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کوردستان کەشێکی ئەوەندە خۆشی ھەیە، لە زۆربەی وڵاتانی جیھان خۆشتر و جوانترە، ھەر ئەوەش وای کردووە ساڵانە چەندین جار سەردانی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان بکەین، ھیوادارین کوردستان ھەروا خۆش و پێش بکەوێت.
عەلا عەباس، گەشتیارێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەموو ھیوا و ئاواتمان بارینی بەفر بوو، بۆ ئەوەی ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان بکەین و کاتێکی خۆش تێدا بەسەر ببەین، ئێستاش لەگەڵ بارینی بەفر ڕوومان لە ناوچە گەشتیارییەکان کردووە و وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرین.
ئەو گەشتیارییە، گوتیشی: کوردستان زۆر خۆشە و ڕۆژبەرۆژیش پێش دەکەوێت، ئەمن و ئەمان ھەیە، لە ھەمان کاتدا خەڵکەکەی میوان دۆستن، بۆیە ھەم سەرسامین بە خەڵکی کوردستان، ھەمیش سرووشتە جوانەکەی و ئەو ئەمن و ئارامەی کە ھەیە ئەوەش زیاتر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: کەرتی گەشتیاری لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمە جگە لە بەرەوپێشچوونی ژێرخانی کەرتەکە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد، ژمارەی گەشتیارانی ھەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە، بە تایبەت گەشتیارە نێودەوڵەتییەکان، ھۆکارەکەشی بۆ ستراتیژییەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بووژاندنەوە و ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات دەگەڕێتەوە، گەشتوگوزار یەکێک بووە لەو سێکتەرانەی لە پێشەوەی پلانەکان دابوو و داتاکانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێکی دیکە لەو ھۆکارانەی کە وایکردووە کەرتی گەشتیاری بەرەوپێش بچێت، بەشدارکردنی شاندی دەستەی گەشتوگوزارە لە کۆڕبەند و کۆنفڕانسە نێودەڵەتییەکان بە ئامانجی ناساندنی کەرتی گەشتیاری بە خەڵکانی بیانی.
لە کابینەی نۆیەم ٨٠ پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری جێبەجێکراون، جیا لە سوودە گەشتیارییەکەی بووەتە ھۆی ڕەخساندنی زیاتر لە ٢٠ ھەزار ھەلیکار، ٨٠%ـی زیاتر ناوخۆیین، ھەروەھا پڕۆژەی بەنداوەکان و ڕێگەوبان لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە بوونە، وایکردووە گەشتیاری زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکات.

