رۆژنامەی ھەولێر

مـــــــاڵی کــــــــوردستان.. دەروازەیەک بــــــە ڕووی جــــــــــــــــــــــــــیهان

شۆڕش غەفووری – هەولێر

ئەمساڵ، 56ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بە درووشمی “ڕۆحی گفتوگۆ” بەڕێوە دەچێت و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەش و بۆ سێیەمین ساڵ ماڵی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە. بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠ وەبەرهێنەری کورد بەشداریی ماڵی کوردستانن و گەیشتوونەتە سویسرا و هەندێک لەو وەبەرهێنەرانە بەشداری کۆڕبەندەکەن و ئەوانی دیکەش بڕیارە لە نێو ماڵی کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان هەبێت لەگەڵ وەبەرهێنەر و بازرگان و کۆمپانیا جیهانییەکان.

دووشەممە کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە کاتی سویسرا و ٩ بە کاتی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ماڵەکەی کردەوە. هێمن لهۆنی بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان بەخێرهاتنی سەرۆکوەزیران و وەبەرهێنەران و میوانەکانی کرد و گوتی: “شانازییەکی گەورەیە کە ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم و لەسەر بنەمای دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە. سەرۆکوەزیران چەمکی بەشداربوونی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی گۆڕی، ساڵانی پێشوو هەرێمی کوردستان بە شاندی سیاسی بەشداری کۆڕبەندەکە بوو، بەڵام ئەم سێ ساڵە کوردستان بەدەر لە شاندە سیاسییەکە بە شاندێکی گەورەی ئابووری بەشدارن و وەبەرهێنەرانی کوردستان لێرە لە ماڵەکەی خۆیان ئامادەن’’.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسیش وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: لە سێ ساڵی ڕابردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری داوە کە لەگەڵ شاندە سیاسییەکان وەبەرهێنەران و شاندی ئابووریش بەشداری کۆڕبەندە گەورەکانی ناوچەکە و دونیا بن و ئەمەش نیشاندەری بایەخدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە کەرتی تایبەت وەک بنەمای گەشەپێدانی کوردستان.’’
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە وتارەکەیدا باسی ڕێژەی وەبەرهێنانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستا کرد و گوتی:” ئاستی وەبەرهێنان و گەشەسەندن لەم کەرتە لە چاو ساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەی لەسەدا ٤٠٠ بووە و ئەمەش پەیوەستە بە دەستپێشخەرییەکانی جەنابی سەرۆکوەزیران بۆ کەرتی تایبەت و هەر لە ساڵی ٢٠٢٥ دا ٢١٠ مۆڵەت دراوە بە وەبەرهێنان کە لە چاو ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر بەرز و کاریگەرە بۆ گەشەسەندنی هەرێمەکەمان و لە ساڵی 2026 هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یەکەم کارگەی دروستکردنی پلێتی ئاسن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.’’
زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی تریش توانیمان لێرە لە داڤۆس بە یەك بگەینەوە و بە پشتیوانيی خودا ئەمساڵیش، ماڵی كوردستان لە داڤۆس دەكەینەوە كە بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو دەرگای كراوە دەبێت بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست، هەروەها بۆ میوانە بەڕێزەكانیش كە دەتوانن سەردانی ماڵی كوردستان بكەن.
ئەمە چەندین ساڵە شاندی كوردستان هەمیشە بەشدارە لە كۆڕبەندی داڤۆس كە یەكێكە لە كۆڕبەندە هەرە گرنگەكانی دونیا بۆ بەیەكەوە گەیاندنی سەرانی سیاسی و سەركردەكانی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان. هەموو ئەو سەركردانە، سەرۆكەكان دێن لێرە كۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروباوەڕەكان و گۆڕینەوەی بۆچوونەكان لەبارەی ئاڵنگارییەكان، دەرفەتەكان، چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئابووری، ئەمە دەرفەتێكیشە بۆ ئێمەی كورد و خەڵكی كوردستان كە بتوانین بێین لێرە بەشدار بین بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانمان چ لەسەر ئاستی سیاسی بێت یان لەسەر ئاستی ئابووری بێت. هەروەها بازرگانەكانمان، وەبەرهێنەرەكانمان، سەرمایەدارەكانمان، ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت لێرە لەگەڵ سەركردەكانی تری جیهان دیدار و گفتوگۆ بكەن و پەیوەندی دروست بكەن و دەرگای زیاتریش بۆ كوردستان بكەنەوە بە رووی وەبەرهێنەرانی دونیا كە ئەو دەرفەتە لەوانەیە پێشتر وەكوو پێویست نەبووبێت، یانیش خەڵك زۆر شارەزای ئەو دەرفەتانە نەبووبێت كە لە كوردستان هەیە.’’
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەموو ئەو وەبەرهێنەر و کەسانەی کرد كە سپۆنسەری ماڵی كوردستانیان كردووە و گوتی: “ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە و هەر ساڵیش گەورەتر دەبێت و بە ڕێژەیەكی فراوانتر بزنسمەن و سەرمایەدارانی كوردستان لەم كۆڕبەندە بەشداری دەكەن. نازانم ساڵی داهاتوو لەوانەیە شوێنەكە بەشیشمان نەكات و دەبێ لە شوێنێكی گەورەتر بگەڕێین.
لە کۆتایی وتارەکەیدا مەسرور بارزانی گوتی: هیوادارم بتوانین لەو چەند ڕۆژەی داهاتوو چەندین دیداری گرنگ ئەنجام بدەین لەگەڵ سەرۆك و سەركردەكانی جیهان، بێگومان ئەوەی لامان گرنگ و مەبەستە ئەمەیە كە ئێمە بتوانین بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ باس بكەین، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئابووری و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بتوانین پشتیوانییەكی زیاتر لە سەرانسەری جیهان بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەین و ڕێگەشیان بۆ خۆش بكەین كە ئەوان بتوانن بێن سەردانی كوردستان بكەن و وەبەرهێنانی زیاتریش لە كوردستان بكەن.’’
ساڵانە لە کۆنفڕانسی ئابووریی جیهانی، ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتیی سیاسی و سەرۆکی وڵاتان و خاونکار و کۆمپانیای جیهانی لە داڤۆس کۆدەبنەوە. ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لە ساتێکی هەستیار و چارەنووسساز بەڕێوە دەچێت، چونکە چەندین ڕووداوی گرنگی جیهانی لە ئارادان وەک شەڕ لە ئۆکراین و ڕوسیا و سوریا و یەمەن و ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا و ئێران و شەڕی ساردی نێوان چین و ئەمریکا و قەیرانی ئابووری و کێشەی ئاو و هەوا و چەندین پرسی جیهانی دیکەی وەک زیرەکی دەستکرد و نەخۆشی لە ئارادان و بڕیارە قسە و گفتوگۆیان لەسەر بکرت.
کۆبوونەوەکانی ئەمساڵی داڤۆس لەژێر ناوونیشانی “ڕۆحی گفتووگۆ” بەڕێوە دەچێت و نزیکەی ٤٠٠ کەسایەتی لە زیاتر لە ١٣٠ وڵات تیایدا بەشدار دەبن.

لە ڕووی سیاسییەوە گرینگترینیان بریتین لە:
– نزیکەی ٦٥ سەرۆک دەوڵەت و سەرۆک حکومەت
– ٦ لیدەر لە وڵاتانی ئەندامی G7
– ٥٥ وەزیری ئابووری و دارایی
– ٣٣ وەزیری کاروباری دەرەوە
– ٣٤ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی
– ١١ بەرپرسی بانکی ناوەندی
– نزیکەی ٨٥٠ بەڕێوەبەر و سەرۆکی کۆمپانیا
– نزیکەی ١٠٠ بەڕێوەبەری کۆمپانیای یونیکۆرن و پێشەنگی تەکنەلۆژیا
– نزیکەی ٢٠٠ لیدەر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکان
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئەمساڵدا (2026)، شاندێکی باڵای حکوومی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆڕبەندەکەن و زیاتر لە ٥٠ دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و بەرپرس و وەزیر و وەبەرهێنەر و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەبێت و بڕیارە مەسرور بارزانی لە نێو ماڵی کوردستانیشە چەند دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام بدات.
لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکە و تا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ، مەسرور بارزانی، لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان و جاسم محەمەد ئەلبدێوی ئەمینداری گشتیی نوێی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانیی کەنداو و ڤاهاگن خاچاتوربان سەرۆککۆماری ئەرمەنستان کۆ بووەوە.
لە ماڵی کوردستان بەدەر لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران و وەبەرهێنەران، چەندین پانێڵ بەڕێوە دەچن کە بەم شێوەیە کورتیان دەکەینەوە:
+ ڕۆژی یەکەم – سێشــەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026:
پانێلی یەکەم: بنیاتنان لە هەرێمی کوردستان: وەبەرهێنانی ناوخۆیی.. گەشەکردن، ئاڵنگاری و دەرفەتەکان
قسەکەران:
– جولیەن هارمان، ڕاوێژکاری (BOI).
– ڕۆژ پێشڕەو، بەڕێوەبەری ئیمپایەر وۆرڵد.
– مستەفا باجگەر، ئەندامی بۆردی گرووپی کۆمپانیاكانی جیهان
بەڕێوەبەری پانێڵ:
– مێڤان حەسەن، دەستەی وەبەرهێنان
پانێلی دووەم – ئایندەی زیرەکی دەستکرد: بیرۆکەی داهێنەری، ئینترتەیمێنیت و پەروەردەی گەنجان
قسەکەران:
– دانا وریا، دامەزرێنەری برایت وێنتەر ستۆدیۆ
– ماکس بورمان، داهێنەری داهێنەرانە و بەڕێوەبەری KitBash3D
بەڕێوەبەری پانێل: مێلیسا ستایرس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێندەمێنتاڵ و بەرپرسی گەشەی جیهانی (MIA AI)
پانێلی سێیەم – پەروەردە لەپێناو کاریگەری: گونجاندنی خوێندن و لێهاتوویی لەگەڵ خواستی بازاڕ لە کوردستان
قسەکەران- د. هونەر عیسا، ئەندامی بۆردی بەڕێوەبەرانی زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان و سەرۆکی (KAAE)
– چەپکە نەجیب عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی (CESK)
بەڕێوەبەری پانێڵ: جۆرج کوێلهۆ، هاوبەش و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاستانۆر ڤێنجەرز
+ ڕۆژی دووەم – چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2026:
پانێلی یەکەم: کوردستان کراوەیە بۆ پیشەسازی.. تێروانین و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان
قسەکەران:- د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
– سەعد کۆلەک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی کۆلەک
– شوان محەممەد سلێمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی گەلیاوە
بەڕێوەبەری پانێڵ: کانی ئیبراهیم، دەستەی وەبەرهێنان.
پانێلی دووەم: گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و داهێنان: نەخشەڕێی ئایندەی کوردستان
قسەکەران:
– مارک مۆلەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئادجێتێک
– ئالڤین وانگ گرەیلین، شارەزاى ديجيتاڵی لە (ستانفۆرد HAI)
– دکتۆر گەریف یالاک، بەڕێوەبەری داهێنانی دیجیتاڵی و گۆڕانکاریی نیشتیمانی (سیسکۆ)
بەڕێوەبەری پانێڵ: کریستین لی، ڕاوێژکاری دیجیتاڵی (Quantena.org)
+ ڕۆژی سێیەم و کۆتا ڕۆژ – پێنجشەممە، 22ی کانوونی دووەمی 2026:
پێشوازیکردن لە خەڵک و سەردانکەران بۆ ناساندنی کەلتوور و فەرهەنگ و هونەری کوردی
لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا، ماڵی کوردستان ڕۆژانە بە میواندارییەکی کوردەواری و پێشکەشکردنی “چای کوردی”، پێشوازی لە میوانان دەکات و دەبێتە مەڵبەندێک بۆ گفتوگۆی کراوە دەربارەی ئاڵنگاری و دەرفەتە ناوچەیی و جیهانییەکان.