نزیکەی 100 کۆمپانیا گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بارینی بەفر چیاکان دەبنە شوێنی گەشتیاری و بە هەزاران گەشتیار ڕوو لەو ناوچانە دەکەن و بە شەڕە بەفر و وێنەگرتن و خواردنی گەرم کاتێکی خۆش لەو ناوچانە بەسەر دەبەن. بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەیشتوسەیران ڕۆژانە 7 هەزار گەشتیار ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕۆژبەرۆژیش ژمارەکە ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.

لە چیای کۆڕەکی گەشتیاری چوارەمین فێستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر بەڕێوەچوو، ئامانج لە فێستیڤاڵەکە ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکان و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بوو بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا نزیکەی 100 کۆمپانیا گرێبەستی هێنانی گەشتیاریان هەیە.
کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و خاوەن دیمەنی سەرنجراکێشە، بۆیە بۆتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاری وا دەکات کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن. چەند ساڵێکە کەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستاندا لە هەرێمی کوردستان گەشەی کردووە، کە پێشتر تەنیا لە وەرزی هاوین گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ بارینی بەفر گەشتیاران ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن.
کەرتی گەیشتوسەیران لە هەرێمی کوردستان لە هەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیاری خۆی هەیە و سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە. گەشتیارانیش دڵخۆشن بەو کەش و هەوایەی کە لە کوردستان هەیە.
زەینەب عومەر، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، بۆ هەولێر دەڵێت: “لە ڕێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە هاتووینەتە کوردستان، کە شوێنی زۆر خۆش و سەرنجراکێشی هەیە، لە چیای کۆڕەکی گەشتیاری، کاتێکی خۆشمان بەسەر برد، هیوادارم کوردستان هەروا خۆش و ئاوەدان بێت، ئەوەی لە هەمووی جوانتر ئەو مامەڵە خۆشەی خەڵکی کوردستانە لەگەڵ گەشتیاران.
مونیرە یاسین، گەشتیارێکی دیکەیە ڕوونی کردەوە:” ئەوە دوو ساڵە دێمە کوردستان، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەفرێکی باش باریوە، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە ئێمە ساڵانە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەین و کاتێکی خۆش بەسەر ببەین، لەناو بەفر و سرووشتە جوانەکەی کوردستان یاری جۆراوجۆر دەکەین، بۆیە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ هەموو پێکەوە هاتووینەتە ناوچەکە.
نوری ئەحمەد، گەشتیارێکی دیکەیە بۆ هەولێر دیار کرد، دیمەنی جوان و کەشێکی خۆش هۆکارە بۆ ئەوەی ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، جگە لەوەی لە بازگەکان کار ئاسانییەکی زۆر بۆ گەشتیاران دەکرێت، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوسەیرانی هەرێم لە ساڵی ڕابردوو چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، دەستەی گشتی گەیشتوسەیران بەپێی ئەو پلانەی دایناوە لە هەر وەرزێک ژمارەیەک چالاکی بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران دەکات و بەردەوام هەوڵ دەدات ژمارەی گەشتیاران زیاد بکات. هەر لەم بارەیەوە بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەیشتوسەیرانی ئیدارەی سۆران، بۆ هەولێر دەڵێت:” بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی گەشتیاری زستانە زیاتر گرنگی پێ بدەین، بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان بکەن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەیشتوسەیرانی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: “دوێنێ چوارەمین فێستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر لە کۆمەڵگەی چیای کۆڕەکی گەشتیاری بەڕێوە چوو، فیستیڤاڵەکە چەندین بڕگەی جۆراوجۆری لە خۆ گرتبوو، وەک یاری سکی سەربەفر، نمایشی پەرەماتۆڕ، پەرە گلایدەر، یاریی ئاگرین و بڕگەی هونەری، مەبەست لەو فێستیڤاڵە هێنانی گەشتیاری زیاترە بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری زیاتر پێش بکەوێت”.

ھەواڵی زیاتر