رۆژنامەی ھەولێر

یەکێتی زانایان بە توندی ئیدانەی بانگەوازەكەی وەزارەتی ئەوقافی سووریا دەکات

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێكدا بە توندی ئیدانەی بانگەوازەكەی وەزارەتی ئەوقافی سووریای كرد و رایگەیاند “پەڵەیەکی رەشە و بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە”.

لە پەیامەكەی یەكێتی زانایان هاتووە ” داوا لە کەسایەتی ئایینی سووریا و جیهانی ئیسلامی دەکەین لە ئاست ئەو کردە ناڕەوایە هەڵوێستیان هەبێت و ویژدانیانیان بجوولێت، هەروەها رێگە نەدەن ئەم ستەم و هێڕشکارییە لەژێر ناوی ئیسلام پەردەپۆش بکرێت”.

یەكێتی زانایان هەروەها داوای لە سەرجەم وتاربێژانی کوردستان كرد لەوتاری هەینی داهاتوودا ئەو کردە دژ بە ئایین و ئینسانییە بۆ خەڵک روون بکەنەوە و تەئکید لە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و یەکهەڵوێستی گەلی کورد بکەنەوە.

دەقی پەیامەكەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:-

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(وَسَيَعْلَمُ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَيَّ مُنْقَلَبٍ يَنْقَلِبُونَ) الشعراء:227.

بە نیگەرانیەکی قووڵەوە ئاگاداری رەوشی بارودۆخی کوردانی رۆژئاواین، کە وێڕای ئەو هەموو ستەم و هێڕش و داگیرکاری و شاربەدەر و تاوانانەی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد ئەنجام دەدرێت، وەزارەتی ئەوقافی سووریا گشتاندنێکی بڵاوکردۆتەوە و داوای قنووت و دوعا خوێندن لە سەرجەم پێشنوێژ و وتارخوێنانی وڵاتەکەی دەکات بۆ سەرکەوتنی سوپای سووریا بەسەر هاووڵاتییانی کورد، لەگەڵ تەکبیر لێدان لە هەموو مزگەوتان وەک دەربڕێنی خۆشی بۆ سەرکەوتن و فەتحی کوردستانی رۆژئاوا.

ئەم بڕیارە وێڕای ئەوەی پەڵەیەکی رەشە بۆ دامەزراوەی ئایینی سووریا، ئاماژەیەکی نامۆیە بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکات، چونکە ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستە شۆڤێنی و ناشەرعییە دەکەین، داواش لە سەرجەم ناوەند و کەسایەتی ئایینی نێو سووریا و جیهانی ئیسلامی دەکەین لە ئاست ئەو کردە تاوانکاری و ناڕەوایە هەڵوێستیان هەبێت و ویژدانیانیان بجوولێت، ئەرکە رێگە نەدەن ستەم و هێڕشکاری لەژێر ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەردەپۆش بکرێت و، ئایەت و چەمک و زاراوەی ئایینی بۆ فەتح و ئیبادەکردنی گەلێکی موسڵمان بەکار بێنن، چونکە ئیسلام بەرییە ئەو جۆرە رەفتارە نامرۆڤانەیە، تەنانەت ئیسلام لە کاتی جەنگیش رێگەی نەداوە ژن و منداڵ و هاووڵاتی قەتلوعام بکرێن.

داواش لە سەرجەم وتاربێژانی کوردستان دەکەین لەوتاری هەینی داهاتوو، وێڕای ئیدانەکردنی هێڕشەکان؛ ئەو کردە دژ بە ئایین و ئینسانییە بۆ خەڵک روون بکەنەوە و لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی تەئکید لە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و یەکهەڵوێستی گەلی کورد بکەنەوە، کە مایەی خۆشحاڵییە کورد لە هەرچوار پارچە گەلێکی موسڵمانە و دەنگێکی شاز لێرە و لەوێ لەم شوناس و مەبدەئە ئایینە کەم ناکاتەوە، مایەی شەرمەزاریشە بۆ ئەوانەی لەژێر ناوی ئیسلام دەیانەوێ تاوان و هەڵسوکەوتی ناموسڵمانانە بشەرعێنن.

مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان