رۆژنامەی ھەولێر

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك سەبارەت بە بارودۆخی سووریا بڵاو دەكاتەوە

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی سەبارەت بە بارودۆخی سووریا بڵاو دەكاتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان كرد هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێكدادانەكان.

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و ناسەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە.

دەقی راگەیەنراوەكەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان:-

ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە دوایین ڕووداو و پەرەسەندنەكانی سووریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ڕەچاونەكردنی تایبەتمەندی و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لە دژی گەلی كورد دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە و ئەگەری ئاوارەیی و ڕوودانی كارەسات و نەهامەتی و پاكتاوی ڕەگەزی بۆ خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا لێ دەكەوێتەوە. لەلایەكی ترەوە گەلی كورد لە رۆژئاڤا لەسەر زێد و خاكی خۆی، لەپێناو برایەتی و یەكسانی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دژایەتی ستەم و تیرۆر تێكۆشاوە و، لە ساڵانی ڕابردوودا لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر كە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جدییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە.

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، داواکارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن و هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان لە سووریا و ڕێگریكردن لە قووڵتربوونی قەیران و هەروەها ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی.

داوا دەكەین دەستبەجێ كۆتایی بە شەڕ لە دژی خوشك و براكانمان لە سووریا بهێندرێت و كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و لە سووریایەكی ئازاد و دیموكراتدا مافی هەموو پێكهاتەكان و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا بەپێی یاسا و دەستوور گەرەنتی بكرێن.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان