ئەمرۆ سێشەممە 2026.1.20، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی2 و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و ژمارەیەکی بەرچاوو لە بەرپرسانی دیكەی حکومی و ئیداری و مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ ، سەنتەری پەرەپێدانی کار و كارسازی (CDC) زانکۆی سەلاحەدین بە هەماهەنگی (Sukkal App) سوکاڵ لە سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆ پێشانگای هەلی کاری كردەوە.
ئەم پێشانگایە كە بە بەشداری زیاتر لە 50 كۆمپانیا و دامەزراوەی ناوخۆیی و دەرەكی و نیشاندانی بەرهەمەكانی زیاتر لە 40 كارسازی گەنج كرایەوە، زیاتر لە 300 هەلی كاری ڕەخسێندووە و كۆمپانیاكان تێیدا ڕاستەوخۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ قوتابیان ئەنجام دەدەن، ئامانجی سەرەكی پیشانگاكەش دەرفەت ڕەخساندنە بۆ قوتابیان و یەكگەیاندنی كارخوازان و خاوەنكاران.
دوای كردنەوەی پیشانگاكە و بەسەركردنەوەی بەشەكانی، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوەی زانكۆی سەڵاحەدین بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتی کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ قوتابیان و لاوان، دەستخۆشی لە سەر پەرشتیار و بەشداربووانی پیشانگاکە کرد، ئومێدیشی خواست ئەو پیشانگایە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری کە یەکێکە لە ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

