لە سێ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی مادەی هۆشبەر گیراون بۆ دوو هێندە زیادی کردووە

عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک کێشە و تەنگژەی جیاوازی وەک شەڕی تایفی و تیرۆر، بووە و هێشتا بەتەواوی نەیتوانیوە خۆی لەو مەترسییانە ڕزگار بکات کەچی کێشەیەکی تری مەترسیدارتر خەریکە بەربینگی پێ دەگرێت، ئەو کێشەیە بڵاوبوونەوەی بەلێشاوی مادە هۆشبەرەکانە و دەگوترێ گرووپە میلیشیاکان تێیدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە.

هەفتەی ڕابردوو لە عەمارە قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر شەقامێکیان گرت و حەمەد فەیسەڵیان بەر دەستڕێژی فیشەک دا، کە دادوەرێکی عێراقییە. ناوبراو لە بواری تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان چالاک بوو. نموونەی هاوشێوەی تیرۆر و کوشتن خەریکە لە عێراق زیاد دەکات. هێشتا عێراق لە تیرۆر ڕزگاری نەبووە، کەچی دیاردەیەکی مەترسیدارتر لە تیرۆر ئەو وڵاتەی تەنیوە و هێزەکانی پۆلیس ئەم جارە دەبێ ڕووبەڕووی باندەکانی قاچاخچیەتیی مادەی هۆشبەر ببنەوە.
رۆژنامەی ”زودۆیچە تسایتونگ”ی ئەڵمانی لە بەدواداچوونێکی وردی مەیدانیدا لە پرسی مادە هۆشبەرەکانی کۆڵیوەتەوە و، کۆمەڵێک زانیاری هەستیاری ئاشکرا کردووە. هێزەکانی پۆلیس تیشکیان خستووەتە سەر گەنجانی ئاڵوودە بوو بە مادەی هۆشبەر کە هانای بۆ دەبەن و بۆ ماوەیەک خۆیان لە جێی هارون ئەلرەشیددا دەبیننەوە.
تا ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق شتێک بە ناوی مادە هۆشبەرەکان نەبوو و ڕۆڵی وڵاتەکە ئەوەندەی ترانزیتی بوو بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی تری کەنداو، ڕۆڵی ئەوەی نەبوو کۆمەڵگەکەی ئاڵوودەی مادەی هۆشبەر ببێت.
تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان، هۆکار بوون لەوەی مادەی هۆشبەریش زیاد ببن. گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانای چەکدار و خۆکوژەکانیان سوودیان لە مادەی هۆشبەر وەرگرتووە و، بەردەوام هەوڵی دەستخستنی ئەو مادە مەترسیدارەیان داوە.
نووسینگەی ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسی لەوە کردووە مادەی هۆشبەری فێنێتیلین یا کاپتاگن یەکێک لەو مادە هۆشبەرانە بووە کە تیرۆریستانی داعش لە کاتی هێرشە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاریان دەهێنا و لە شێوەی حەب بە قاچاخ بۆ عێراق گواستراوەتەوە.
جۆرێکی تری مادەی هۆشبەر کە بە شووشە ناسراوە لە ڕێی سنوورەکانی ئێرانەوە بە تایبەتی سنوورەکانی باشووری ئێران بۆ عێراق گواستراوەتەوە و بۆ ئاڵوودەکردنی گەنجان زۆر مەترسیدارە.
بەپێی سەرچاوەکە پرسی مادەی هۆشبەر لە عێراق و مەترسییەکانی کاتێک زیاتر بووە مایەی سەرنجی میدیاکان، کە چەند مانگ لەمەوبەر وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، نیوەی گەنجانی عێراق گیرۆدەی مادەی هۆشبەر بوون.
ئەنەس کەریم سەرۆکی تاکە ڕێکخراوی ناحکومی یارمەتیدانی ئاڵوودەبووانی هۆشبەرە و لە بەغدا مامۆستای وانەی زیندەوەرزانییە، ئەو گوتوویەتی، لە قوتابخانە هەستی بە ڕەفتاری نائاسایی قوتابییەکان کردووە و دوای پشکنینی جانتاکانیان بۆی دەرکەوتووە حەب و مادەی هۆشبەریان بەکار هێناوە و دوای ماوەیەک لە لێکۆڵینەوە بە ئەرکی خۆی زانیوە وێڕای بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببێتەوە.
ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٠ ملیۆن کەسە، بەڵام تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی بەغدا چارەسەری ئاڵوودەبووانی مادەی هۆشبەر دەکرێت.
دۆزینەوەی هۆکار و ڕیشەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراق کارێکی زۆر قورس نییە، زۆربەی گەنجانی عێراق لەم ساڵانەی دواییدا بێکار بوون و ئەوانەی کاریش دەکەن داهاتێکی زۆریان نییە. ئامارەکان دەری دەخەن یەک لەسەر چواری گەنجانی تەمەن ١٥ تا ٢٤ ساڵ بێکارن.
ساڵی ٢٠١٩ خەڵکی وڵاتەکە دژی گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژموونی میلیشیاکان و گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، خۆپێشاندانیان کردووە و دەستیان لەسەر برینەکە داناوە. ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە دەڵێت ئەو گرووپە میلیشیایانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر دەکەن و هۆکارن لە ئاڵوودەکردنی گەنجان.
حکوومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە بنکەیەکی تایبەتی دامەزراندووە. بیلال سوبحی بەرپرسی بنکەکە دەڵێت لە سێ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی مادەی هۆشبەر گیراون بۆ دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٣ هەزار حاڵەت.
ئەو درکاندوویەتی قەبارەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق سەرووی ملیارێک دۆلارە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت هێزی پۆلیسی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر زیاتر بکرێن، هاوکات پێی باشە کۆمەڵێک دامەزراوە بکرێنەوە کە تایبەت بن بە چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووانی مادەی هۆشبەر و وەک نەخۆش سەیر بکرێن.
هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبووە لەو دیاردە مەترسیدارە و بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەردەوام هەوڵی بەقاچاخهێنانی مادەکە دراوە کە بەشێکی لە ناوخۆ بەکار هاتووە و بەشێکی بۆ وڵاتانی تر بردراوە. پۆلیسی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش نێوەنێوە دەست بەسەر ئەو قاچاخچییانە و باندەکان دادگرن و حکوومەت لە ڕێی دامەزراوەکانی لە هەوڵی بنبڕکردنی ئەم دیاردە مەترسیدارەدایە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت هەر دوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تواناکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر زیاتر بکەن و جیددیتر هەوڵی نەهێشتنی بدەن.

ھەواڵی زیاتر