رۆژنامەی ھەولێر

پزیشکان هۆشداری دەدەن: پێش تەمەنی 10 ساڵان چاوی منداڵەکانتان بپشکنن

پشکنینی چاو تەنها ڕێکارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لە هەرە پشکنینە پێویستەکان بۆ پاراستنی داهاتووی منداڵ. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە هەر جۆرە پشتگوێخستنێک لە ناتەواوییەکانی چاوی منداڵدا، ڕەنگە ببێتە هۆی زیانێکی هەمیشەیی کە دوای تەمەنی ١٠ ساڵان چارەسەرکردنی مەحاڵ بێت.

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

سیستەمی بینین چۆن گەشە دەکات؟
د. بێستون عومەر ساڵح، پزیشکی پسپۆڕی چاو، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆئەندامی بینینی منداڵ لە کاتی لەدایکبووندا هێشتا پێنەگەیشتووە. لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی ڕوناکی، مێشک دەست دەکات بە فێربوونی بینین و وەرگرتنی وێنەکان.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەدات کە “هەر هۆکارێک ڕێگر بێت لە گواستنەوەی وێنەیەکی ڕوون بۆ مێشک لە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەندا، دەبێتە هۆی ئەوەی مێشکی منداڵەکە لە پێگەیشتنێکی ورد بێبەش بێت.”
تەمبەڵبینی؛ ئەو مەترسییەی بە ڕواڵەت دیار نییە
یەکێک لە مەترسیدارترین حاڵەتەکان “تەمبەڵبینی”یە، کە تێیدا چاوەکە بە ڕواڵەت ئاسایی دیارە، بەڵام کزییەکی زۆری هەیە. د. بێستون دەڵێت: “ئەگەر چاوێک کێشەی هەبێت و وێنەیەکی تەڵخ بنێرێت، مێشک ئەو وێنەیە فەرامۆش دەکات و تەنها پشت بە چاوە باشەکە دەبەستێت. ئەگەر تەمەنی منداڵ ١٠ ساڵی تێپەڕاند، مێشک لە قۆناغی گەشەکردن دەردەچێت و هیچ چارەسەرێک ناتوانێت بینینەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە.”
نیشانەکان و کاتی گونجاو بۆ پشکنین
پێویستە دایکان و باوکان چاودێری ئەم نیشانانە بکەن و بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەن:
• خێلبوونی چاوەکان یان خواربوونیان بە لایەکدا.
• نزیکبینی یان دووربینی (منداڵەکە زۆر لە شتەکان نزیک دەبێتەوە).
• نیشانەی ئاوی سپی زگماکی.
خشتەی پێشنیارکراو بۆ پشکنین:
1. پشکنینی دەوری: لەلایەن پزیشکی منداڵان یان خێزانییەوە لە کاتی گەشەی ئاساییدا.
2. پێش قوتابخانە: لە تەمەنی ٤ بۆ 5 ساڵیدا دەبێت پشکنینی وردی چاو بکرێت، تەنانەت ئەگەر منداڵەکە هیچ کێشەیەکی دیاریشی نەبێت.
هەواڵێکی خۆش: تەمبەڵبینی چارەسەری هەیە.
پزیشکان دڵنیایی دەدەن کە تەمەنی منداڵ چەند بچووکتر بێت، چارەسەر ئاسانترە. ڕێگەی سەرەکی چارەسەر بریتییە لە:
“داخستنی چاوە باشەکە بەپێی خشتەیەکی ڕۆژانە؛ ئەمەش مێشک ناچار دەکات دووبارە دەست بکاتەوە بە وەرگرتنی وێنە و ڕەنگ لە چاوە تەمبەڵەکە و وردە وردە بینینەکەی دەگەڕێتەوە.”
لە کۆتاییدا، پزیشکان داوا لە دایکان و باوکان دەکەن سستی نەکەن؛ چونکە بینینی شەش لەسەر شەشی منداڵ (کە لە تەمەنی 6 بۆ 7 ساڵان تەواو دەبێت)، بەندە بەو هۆشیارییەی ئێوە لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا نیشانی دەدەن.