رۆژنامەی ھەولێر

پیرۆزبایی هەولێر و ماستەرنامەیەكی ناوازە

دوێنێ، لە هۆڵەکانی کۆلێژی ئاداب، گفتوگۆی نامەی ماستەری توێژەر (فواد ڕەوەند) لەژێر ناونیشانی “یەکگرتن و لێکترازانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٤٦-١٩٧٥” بەڕێوەچوو.

توێژینەوەکە کە بە سەرپەرشتی (پ.ی.د. شوان محەمەد ئەمین تەها) ئەنجام دراوە، وەک توێژینەوەیەکی “مێژوویی شیکاری” پۆڵێن دەکرێت و تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە قۆناغە هەرە هەستیار و چارەنووسسازەکانی مێژووی هاوچەرخی بزوتنەوەی کوردایەتی.
نامەکە بە وردی لە ڕەهەندە سیاسی و ناوخۆییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکۆڵێتەوە لەنێوان ساڵانی (١٩٤٦ بۆ ١٩٧٥)، کە بە یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی خەباتی نەتەوەیی دادەنرێت و پڕە لە پێشهاتی ڕامیاری ئاڵۆز لە باشووری کوردستان. توێژەر لەم نامەیەدا هەوڵیداوە بە میتۆدێکی زانستی و شیکاری، خوێندنەوە بۆ هۆکار و دەرەنجامەکانی یەکگرتن و جیابوونەوەکان لەو قۆناغەدا بکات.
لێرەوە بەناوی خۆم و ڕۆژنامەی هەولێر-ەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە توێژەر كاك فوئاد حەسەن ، ناسراو بە فوئاد ڕەوەند، هەروا سەرپەرشتیارو ئەندامانی سەرپەرشتی هێژا دەکەین بۆ ئەم بەرهەمە زانستییە گرنگە.

سەرنووسەر