رۆژنامەی ھەولێر

یادی چلەی هونەرمەند و شاعیر «نەجم هۆگر » كرایەوە

لە هۆڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی هونەرمەند و شاعیر (نەجم هۆگر) بەڕێوەچوو كە تێیدا هاوڕێیانی خوالێخۆشبوو، بە بایەخەوە لە كارە هونەری و ئەدەبییەكانی ناوبراویان دەڕوانی.

خوالێخۆشبوو هونەرمەند و شاعیر نەجم هۆگر، لە ساڵی 1956 لە گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایكبووە و هەر لە سەرەتای تەمەنی گەنجییەوە هاتۆتە بواری هونەری و دنیای ئەدەبیات تا لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا توانیویەتی چەند گرووپێكی شانۆیی دروست بكات، بەڵام سەرەنجام لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی 2025 بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی جەڵتەی مێشك كۆچی دوایی كرد، رۆژی شەممەش لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندان و كۆمەڵەی هونەرەجوانەكان مەراسیمێكیان بۆ چلەی ئەو هونەرمەند و شاعیرە سازكرد.
د.رۆژگار كەمال، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لە مەراسیمەكەدا رایگەیاند، كارەكانی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو مامۆستا نەجم فرە لایەن و فرە رەهەند بوو لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو بوو، هەر لەگەنجییەوە خوولیای هونەر و ئەدەبی تێدا دەركەوتبوو، لە هەمووشی گرنگتر نەجم هۆگر هونەری بۆ خزمەتی كلتوور دەویست نەك لایەنی بازرگانی.
د.رۆژگار ئاماژەی بەوەكرد، ئەم هونەرمەند و شاعیرە لە هەردوو بوارەكەدا بەرهەمی بەپێزی هەبوو، نزیكەی 150 هۆنراوەی نووسیوە و بەشێكی زۆریشی لەلایەن گۆرانیبێژانەوە كراون بە گۆرانی، جگە لەوەش وەك ئەندامی سەندیكای هونەرمەندان و كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانیش بەرپرسیارێتی هەبوو كە لەو رووەشەوە جێدەستی دیار بوو.
ناوبراو وتی، راستە مەرگ هونەرمەند و شاعیر نەجم هۆگری بە جەستە لێسەندینەوە، بەڵام بۆ هەمیشە كار و بەرهەم و هزری بە زیندوویی لە ناوماندا دەمێنێتەوە.
هەر لە مەراسیمەكەدا هونەرمەند ئاشتی كەمال، بەناوی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ لەم مەراسیمە كۆستبارەدا یادی ژیانئاوایی هونەرمەند و شاعیرێكی مەزن دەكەنەوە كە كارەكانی ببووە پێشكەوتنی بواری شانۆ و دراما و هۆنراوە، چوونكە مامۆستا نەجم هەموو
ژیانی بۆ هونەر و شیعر تەرخانكردبوو.
ئاشتی كەمال وتی “مامۆستا نەجم جگە لەوەی خۆی هونەرمەند و شاعیرێكی دیار بوو، فێرخوازیش بوو بۆ نەوەكانی دوای خۆی و كارەكانی تەنها بۆ ساتێك نەبوو، بەڵكوو بۆ داهاتوو بوو، هەر كارەكانیشی وایكرد بۆ هەمیشە بەزیندوویی لە دڵماندا بمێنێتەوە، بۆیە هەر هونەرمەندێك هونەرەكەی بە پاكی بكات، نامرێت”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە هونەرمەند (نەجمەدین تۆفیق عەلی) ناسراو بە «نەجم هۆگر» لە ساڵی 1956 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە.
لە تەمەنی منداڵی و لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە.
بەشداریی لە (70) کاری شانۆی و دراما فیلمدا کردووە.
جگە لە کاری هونەری چەندین هۆنراوەی لە لایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی.
لە 10-12-2025 لە سلێمانی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد