پەرلەمانی کوردستان خەریکی ئامادەکارییە بۆ پەسەندکردنی یاسای هەڵگرتنی چەک

پەرلەمانی کوردستان خەریکی ئامادەکارییە بۆ پەسەندکردنی یاسای ھەڵگرتنی چەک و ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆش دەڵێت، گۆڕانکاری لە دەرھێنانی مۆڵەتی چەک دێت و ئەوانەی ڕابردوویان پاک نییە ناتوانن داوای مۆڵەتی چەک بکەن.

موحسین دۆسکی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان ھەستی بەوە کرد کە زۆربوونی ڕێژەی تاوانەکانی کوشتن پەیوەندیی بە زۆریی چەکەوە ھەیە، پڕۆژەیاسای ھەڵگرتنی چەک ئامادە کرا و یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ ھەموار دەکرێتەوە، چونکە ئەحکامەکانی ئەو یاسایە لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆی کوردستان ناگونجێت، لەبەر ئەوەش، ساڵی ڕابردوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە”.
ئەندامەکەی لیژنەی ناوخۆ دەڵێت: “لیژنەی یاسایی، پێشنیارەکانی ڕابردوو دەکاتە ڕاپۆرت و بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت و پەسەند بکرێت.”
موحسین دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “گۆڕانکاریی زۆر بەسەر یاسای ھەڵگرتنی چەکدا ھاتووە، لەوانەش دەبێت ئەو کەسەی داوای مۆڵەتی چەک دەکات ڕابردووی پاک بێت و ھەرکەسێکیش فایلێکی بۆ دەکرێتەوە تا چەک بەخراپە بەکار نەھێنێت، دەبێت شوێنەکانی فرۆشتنی چەک خۆیان لەگەڵ یاساکە بگونجێنن و ناتوانن چەک لە ھەموو شوێنێک ھاوردە بکەن و بیدەنە ھەموو کەسێک، ئەمەیش کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی دیاردەی چەکهەڵگرتن و ئەنجامدانی تاوان”.

ھەواڵی زیاتر