رۆژنامەی ھەولێر

لیۆنێل مێسی ئۆفەرێكی خەیاڵی لە خولی سعوودیە پێدەگات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

لە 24 كاتژمێری رابردوو ئۆفەری یانەی ئیتیحادی سعوودی بۆ لیۆنێل مێسی زۆرترین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە سۆشیاڵمیدیا بووەتە ترێند، جگە لەوەش بابەتی هاككردنی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد بووەتە بابەتی گەرمی میدیایەكان.

ئۆفەرێكی خەیاڵی دەخرێتە بەردەستی مێسی
یانەی ئیتیحادی سعوودی ئامادەیە، لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی بە پارەیەکی خەیاڵی بگوازێتەوە ریزەکانی.
ئەنمار ئەلحەیلی سەرۆکی یانەی ئیتیحادی سعوودی، لە دیمانەیەکدا ئاشکرای دەکات ئەوان ئامادەن ئەگەر مێسی رازی بێت پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات، کاغەزی سپی بخەنە بەردەستی و بە ئارەزووی خۆی ژمارەیەک بنوسێت، واتە هەرچەند پارەی بوێت پێشکەشی دەکەن.
سەرۆکەکەی یانە سعوودیە ئاشکرای دەکات، ئەوان پێشتر 1 ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆیان پێشکەشی مێسی کردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات، بەڵام نەک مێسی رازی نەبووە بەڵکو هەر وەڵامیشی نەداوەتەوە.

هەوڵی هاككردنی هەژماری یاریزانانی مان یونایتد دەدرێت
دوای هاک کردنی هەژمارەی فەرمی برۆنۆ فێرناندێز ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر سیتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کارگێری یانەکە لێکۆلینەوەکانی لەسەر ئەم دۆسیە دەستپێکردووە.
رۆژنامەی مانچێستەر ئێڤنینگ نیوز بڵاویکردەوە، دوای یارییەکەی مانچێستەر یونایتد لە ئێف ئەی کەپ بەرامبەر برایتن و دۆرانیان لەو یارییە، هەژمارەی فەرمی برۆنۆ فێرناندیز ناوەڕاستکاری ئەو یانەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەمان تویتەری رابردوو هاک کرا، هاککەرەکە چەند پەیامێکی تایبەتی ئەو یاریزانەی بڵاوکردەوە و یەکێک لە کورتەنامەکانیش ئەوەیە، ئەو یاریزانە داوای کردووە هەرچی زووە لە چنگ کۆمپانیای ئای ئۆ ئێن ئێس رزگار بێت، کە ئەو کۆمپانیایە خاوەنی سەدا 25 پشکی یانەی مانچێستەر یونایتدە.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویشی کردەوە کارگێڕی یانەکە رێکاری توندی گرتووەتە بەر بۆ دۆزینەوەی ئەو هاککەرە و هەروەها داوایان لە یاریزانەکانیشان کردووە، زیاتر ئاگاداری هەژمارە فەرمیەکانیان بن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەوپێیەی مەترسی هەیە هەژماری بەشێك لە یاریزانەكانی دیكەش هاك بكرێت.

لویز ئێنریكی: پرۆژەیەكی گەورەمان هەیە
لویز ئێنریكی، راهێنەری پاریس سانجێرمان لە لێدوانێكدا رایگەیاند له‌ پاریس سانجێرمان پرۆژه‌یان هه‌یه‌ و وه‌رز دوای وه‌رزیش باشتر ده‌بن، دەشڵێت: هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ش باس له‌ رۆیشتنم ده‌كه‌ن ناڕاسته‌، هه‌ر كه‌سێك له‌ پاریس سانجێرمان كار بكات هه‌میشه‌ رووبه‌رووی هه‌واڵی ناڕاست و ده‌نگۆ ده‌بێته‌وه‌، زۆرینه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ش بۆ تێكدانی ئاسوده‌یی و هاوسه‌نگی تیپه‌كه‌یه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌.
ئێنریكی گوتیشی: من له‌ پاریس به‌رده‌وام ده‌بم و لێره‌ زۆر دڵخۆشم، ئامانجیشمان بردنه‌وه‌ی ناسناوێكی دیكه‌یه‌ بۆ پاریس سانجێرمان، وەكو یاریی كۆتایی سەیری هەموو یارییەكان دەكەین، بەردەوامیش بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ئاماده‌ین، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانم له‌ دۆخێكی زۆر باشدان.