رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەتان؛ داینەمۆی خەبات و بەرخودان

فەزیلە شۆرش
بە شاهیدیی لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی کورد، قارەمانیەتیی ئافرەتانی کورد لە خۆشەویستییان بۆ نیشتمان و نەتەوە نموونەیەکی باڵایە. ئەوان هەمیشە خۆیان بە خاوەنی پاراستنی خاک و کەرامەتی نەتەوەکەیان زانیوە و دەزانن، هەمیشە داینەمۆی خەبات و بەرخودان بوون. هەموو کات توانا و وزەی خۆیان وەک هێزێکی بەرگریکار لە نیشتمان خستووەتە گەڕ و لە ڕووی هەر دژایەتییەک بۆ نەتەوە و نیشتمان وەک قەڵغان ڕاوەستاون و گورزی سەختیان لە دوژمنان وەشاندووە. نموونەی ئەم قارەمانانە وەک: لەیلا قاسمی نەمر، خەجە باوەی شەهیدی ئازادی و دەنیزی شەڕڤان. بۆیە هەر کەسێک دژایەتیی ئافرەتانی کورد بکات، واتە دژایەتیی مرۆڤبوون، قارەمانیەتی، خۆشەویستی و بەرخودان دەکات.
بەداخەوە لە کۆمەڵگەکەماندا هێشتا هەندێک کەس هەن، بە هەر ناوێک یان بیروبۆچوونێک بێت، دان بە ڕۆڵی ئافرەتاندا نانێن و هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیان دەدەن بۆ کەمکردنەوەی پێگە و توانای ئافرەتان. لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی زوڵم و نادادپەروەری ببنەوە، بەپێچەوانەوە دژایەتیی ئافرەتان دەکەن، بەڵکوو خەباتی ئافرەتان بۆ نەتەوە و مافی گەلەکەیان بە کارێکی پێویست نازانن و مانەوە لە ماڵەوە و کاری ناوماڵ بە ئەرکی سەرەکیی ئافرەت دادەنێن. ئافرەتانی کورد کارەکتەرێکی زیندووی کۆمەڵگە و مێژوون؛ جگە لە ڕاپەڕاندنی کاروباری ماڵ و منداڵ، توانیویانە لە هەمان کاتدا ببنە پێشمەرگەش.

لە ڕاستیدا ئەم دێرە شیعرەی پیرەمێردی شاعیری گەورەی کورد کە دەڵێ:
«تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تەئریخی میللەتا.. قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا»
وەسفێکی جوانی قارەمانیەتیی ئافرەتانی کورد دەکات.
بۆیە دەبێ بزانین کە ئافرەتانی کورد هێڵێکی سوورن، لە هیچ هەلومەرجێکدا کەس بۆی نییە ئەم سنوورە ببەزێنێت و دژایەتییان بکات یان بە کەمی سەیریان بکات، چونکە ئافرەتانی کورد بە درێژایی خەباتیان بڵێسەی سەروەرییان هەڵگیرساندووە و ترسیان لە دڵی دوژمناندا چاندووە.
بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن بە ڕۆڵی ئافرەتان لە خەباتی ئازادیخوازی کورد، پێویستە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەنەوە، ئینجا دەبینن کە لە دێرزەمانەوە ئافرەتان ڕۆڵێکی کاریگەریان گێڕاوە و جێپەنجەیان دیارە لە خەباتی گەل و نیشتمان. گرنگە هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە توانا و ئیرادەی ئافرەت نییە، بزانن کە ئیرادە پۆڵاینەکەی ئافرەتانی کورد بە هیچ شێوەیەک بە بۆچوونی نادروست ناڕووخێت، بەڵکوو ئافرەتانی کورد فاکتەرە سەرەکییەکەی کۆمەڵگەکەمانن لە ئازادی و پێشوەچووندا.