رۆژنامەی ھەولێر

ئــــــــــافرەتی کــــورد

دڵڤان جــاف
لە دێزەمانەوە ئافرەتی کورد ڕۆڵی دیاری هەبووە لە بونیادنانی کۆمەڵگە و هاوشانی پیاو کار و خەباتی کردووە. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی کوردستانی هەر لە کۆنەوە کۆمەڵگەیەکی کراوە بووە و ڕۆڵی ئافرەتی تێدا دیار و بەرچاو بووە لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا؛ هەر بۆیە کۆمەڵگەی کوردی، هێندەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر بووە، کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار نەبووە.
بە جۆرێک پیاو و ئافرەتی کورد لە زۆر بواردا ئەرکیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە و هاوکار و پشتیوانی یەک بوون. بەپێی هەلومەرج و قۆناغەکانی ژیان، ئافرەتی کورد ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە پەروەردەی خێزان، لە کارکردن هاوشانی پیاو و لە تێکۆشان بۆ ئازادیی نیشتمان. هیچ قۆناغێکی مێژوویی کورد نەبووە ئافرەتی هەڵکەوتووی تێدا دەرنەکەوتبێت، بە جۆرێک هەندێ جار مێژووی کوردیان بە ئازایەتی و دادپەروەری نەخشاندووە.
هەڵبەتە لە سەردەمی نوێدا، بە تایبەتی سەردەمی حوکمڕانیی کورد لە هەرێمدا، لەم پارچەیەی کوردستاندا ڕۆڵی ئافرەت زیاتر دەرکەوتووە لە سەرکردایەتیکردن، لە بەڕێوەبردن، لە سیاسەت، دیپلۆماسییەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ ئەمە سەرەڕای کەرتی گشتی، بە تایبەت پەروەردە، تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتی کە ئافرەتان ڕۆڵێکی باڵای تێدا دەگێڕن.
هەڵبەتە پارتە سیاسییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە برەودان بە ڕۆڵی ئافرەت، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان سەرمەشقی ئەم بایەخدانە بووە لە بەشداریی سیاسی، پەرلەمانی و حوکمڕانییدا. بە شێوەیەک کە جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەردەوام و لە زۆر بۆنەدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئافرەتانی کوردستان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دووپات کردووەتەوە؛ ئەمەش کاریگەریی گەورەی هەبووە لەوەی ئافرەتانی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز و ئاوەداندا.