رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی هەولێر سێ کەسی بە تۆمەتی رێگریکردن لە هاووڵاتیان دەستگیر کرد

ئەمشەو یەکشەممە 18/1/2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە: “دوای ئەوەی لە چەند حاڵەتێکی ڕێگریکردن لە چەند هاووڵاتیەک ئاگادار کراینەوە کە چەند کەسێکی نەناسراو هێرشی کردۆتە سەریان و ڕێگریان لێکراوە و لە ژێر هەڕەشەدا هەرچی پارەیان لەلابووە لێیان وەرگیراوە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمەوە دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کراو بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبارمان دەستگیر کرد کە هەڵسابوون بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەناوەکانی (د، د، أ)، ( أ، م، خ) و (ع، ک، س).”

ئاماژە بەوەش کراوە: “ئەم تۆمەتبارانە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیان سوکایەتی و گرتەڤیدیۆی قوربانیەکانیان تۆمار کردووە، تاکو وەک بەڵگەیەک لە بەردەستیان بێت و قوربانییەکە نەتوانی سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار بکات.”

هەروەها ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتیان دەکات کە هەمیشە هاوکاریانن لە پێدانی زانیاری.