رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پێشوازیی لە سەرۆکى دەستەی كارگێڕی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی مێرسین کرد

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە ( محمەد ساڵح چەلیك ) سەرۆکى دەستەی كارگێڕی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی مێرسین و شاندێكی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، دوای ئەوەی شاندی میوان باسییان لەكار و پڕۆژەكانیان كرد، سڵاو و ڕێزی پارێزگاری مێرسینیان بە پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاند و بە فەرمى بانگهێشتی بەڕێز پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ شارى مێرسین، پاشان تیشك خرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و ته‌ئكید له‌ په‌ره‌پێدان و كاركردنى پێكه‌وه‌یی كرايه‌وه‌، ئاماژە بە كردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان هەولێر و مێرسین درا.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی سەرۆکى دەستەی كارگێڕی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی مێرسین بۆ هەولێری پایتەخت، جەختى لە پەرەپیدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەردولا کردەوە و سڵاو و ڕێزی ئاراستەی پارێزگاری مێرسین كرد و بەفەرمی بانگهێشتی شاندی میوانی قەبوڵكرد، لەبارەی كردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان هەولێر و مێرسین هەموو پاڵپشتی و هاوكارییەكی خۆی دووپاتكردەوە.

پاشان، وەکو پارێزگای هەولێر جەختی لەوە كردەوە كە هەموو دەرگایەكی پارێزگای هەولێر كراوەیە بۆ هەر پرۆژەیەکى بازرگانى، پێشەسازى لە نێوان هەردوولا و، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازییە و بازرگانییە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارین و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەکانیش ئامادەی پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەكین بۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنه‌رانی دەیانەوێت لە هەولێرى پایتەخت وەبەرهێنان بکەن.

لە کۆتاییدا سەرۆکى دەستەی كارگێڕی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی مێرسین و شاندى یاوه‌رى، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێییان کرا.