رۆژنامەی ھەولێر

یەکەمین پیشانگای نێودەوڵەتی لەبواری لۆجستیک كرایەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.1.15، بە ئامادەبوونی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و سەروەرهاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و ژمارەیەكی تر لە كونسڵ و نێردەی وڵاتان و بازرگانان و پیاوانی کار، لە پیشانگای هەولێری نێودەوڵەتی، یەكەمین پیشانگای لۆجستیک تایبەت بە ئامێر و كەل و پەل و پێداویستی و كەرەستەكانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی، بە بەشداری کۆمپانیاکانی گواستنەوەی خۆماڵی و نێودەوڵەتی تایبەت بە بارهەڵگر، کەشتیوانی و فڕۆکەوانی و خزمەتگوزارییە گومرگییەکان و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی چاودێریکردنی بار و بەڕێوەبردنی کۆگاکان و کۆمپانیاکانی گەیاندن (Delivery) كرایەوە.

لە پیشانگاكەدا، كە لەلایەن یەکێتی هاوردەوناردنکارانی هەرێمی کوردستان ڕێكخراوە، سەرجەم کۆمپانیاکان براندە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکانی تایبەت بە، گومرگکردن، بازرگانی ئەلیکترۆنی ، بانک و بیمە ، و چارەسەرەکانی زنجیرەی دابینکردن تەواوی داهێنانە نوێکانیان لە بواری گواستنەوە نمایش كردەوە، كە ئامانج لێی کۆکردنەوەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی (وشکانی، ئاسمانی، دەریایی و گەیاندنە ) لە یەک شوێندا، لە پێناو ناساندنی نوێترین تەکنەلۆژیاکانی بواری لۆجستیك و کۆگاکردن و دروستکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی کەرتی بازرگانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بە گشتی.

دوای کردنەوەی پیشانگاکە و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوە، دەستخۆشی لە سەر پەرشتیار و كۆمپانیا بەشداربووەكانی پیشانگاکە کرد و ئومێدیشی خواست كردنەوەی ئەم پیشانگاییە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی دەرفەتی بێهاوتای هاوبەشی و وەبەرهێنان و گەشەکردن لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی بازرگانی ستراتیژی بۆ عێراق و ناوچەکه‌.

جێگەی باسە، ئەم پیشانگایە كە لە ڕۆژانی 14 تاوەكو 18ـی ئەم مانگە، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاكی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوامە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەو کەسانەی لە بواری هاوردە و هەناردە کار دەکەن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە بکەن بە نرخ و کوالێتی گونجاو.