چواس خالید – هەولێر
به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مەترسییه‌كانی لافاو و ڕێگریكردن له په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئاوی زیاده‌ی باران، له قه‌زای بنه‌سڵاوه پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی و كۆنكرێتكردنی شه‌قام كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌پێی ئاماره‌كان پار به‌گوژمه‌ی زیادتر له ملیار و نیوێك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌و قه‌زایه جێبه‌جێكراوه.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی و كۆنكرێتكردنی شه‌قام، له سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی بنه‌سڵاوه‌یه و له چوارچێوه‌ی بودجه‌ی فریاگوزاریی خێرای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لافاو له پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌كه به سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی شاره‌وانی ته‌واو ده‌كرێت، كه سودی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێت و دانیشتوانی له مه‌ترسییه‌كانی لافاو ده‌پارێزێت.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی و كۆنكرێتكردنی شه‌قام له بنه‌سڵاوه، ڕۆنان و دانانی ئاوه‌ڕۆیه‌كی لووله‌یی كۆنكرێتی شیشهداره به تیره‌ی شه‌ست سانتیمه‌تر و به درێژایی دوو سه‌د مه‌تر، له پڕۆژه‌كه‌دا بۆڕیی پۆلی ئه‌سلین به تیره‌ی چل سانتیمه‌تر و به‌درێژایی سه‌دوچل مه‌تر هه‌یه، هاوكات شه‌ش مه‌نهۆڵ به پێوانه‌ی (١.٢ به ١.٢) مه‌تر، هه‌یه و به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاو و چاره‌سه‌ركردنی گرفتی په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئاوەڕۆ ده‌نرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش پڕۆژه‌ی كۆنكرێتکردنی شه‌قام له سنووری شاره‌وانی بنه‌سڵاوه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له پێشكه‌شكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی بنه‌سڵاوه، له ساڵی ٢٠٢٥، به گوژمه‌ی ملیارێك و هه‌شت سه‌د و سی و یه‌ك ملیۆن دیناری عێراقی، چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌ر له بنه‌سڵاوه و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی بنه‌سڵاوه جێبه‌جێكراوه.
یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی پار له بنه‌سڵاوه جێبه‌جێكراوه بریتییه له پڕۆژه‌ی دروستكردن و ڕۆنانی سایدێك و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سایدی دووه‌می نزیك سه‌نته‌ری لاوان، له بازاڕی سه‌ره‌كی بنه‌سڵاوه، به گوژمه‌ی ملیارێك و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا ملیۆن دیناری عێراقی.
دروستكردن و ڕۆنانی شه‌قام له شوێنه بازرگانییه‌كانی بنه‌سڵاوه، قۆناغی یه‌كه‌می به گوژمه‌ی هه‌شتا و حه‌وت ملیۆن دیناری عێراقی جێبه‌جێكرا.
به گوژمه‌ی پازده ملیۆن دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دانانی سه‌ره بلۆك له زه‌وییه‌كانی گه‌ڕه‌كی گه‌ڕه‌سۆر جێبه‌جێكراوه.
كۆنكرێتكردنی شه‌قام له چه‌ندان گه‌ڕه‌كی قه‌زای بنه‌سڵاوه به گوژمه‌ی پازده ملیۆن دیناری عێراقی جێبه‌جێكراوه، هاوكات به گوژمه‌ی حه‌ڤده ملیۆن دیناری عێراقی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له قه‌زای بنه‌سڵاوه به‌رزكراوه‌ته‌وه به چاندنی دار و سه‌وزكردنی دوورگه ناوه‌ندییه‌كانی شه‌قام.
هه‌ر له ساڵی ٢٠٢٥دا و ته‌نیا له قه‌زای بنه‌سڵاوه، به مه‌به‌ستی سه‌وزكردن و جوانكاریی، به گوژمه‌ی حه‌وت ملیۆن دیناری عێراقی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێكراوه.
به گوژمه‌ی ده‌ملیۆن دیناری عێراق، پار پڕۆسه‌ی خاوهنكردنهوهی سه‌رجه‌م ڕێڕه‌وه ئاوییه‌كان و سه‌رجه‌م ئاوه‌ڕۆكانی سنووری شاره‌وانی بنه‌سڵاوه نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه.
هاوكات هه‌ر له ساڵی ٢٠٢٥ دا و له قه‌زای بنه‌سڵاوه، كاری ڕێكخستنه‌وه و كردنه‌وه‌ی به‌شێك له شه‌قامه‌كان به هاوكاری تیمی ئامێره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی ههولێركراوه و ئه‌و شه‌قام و شوێنانه چاككراونه‌ته‌وه، كه پێشتر قیرتاوكراون و پێویستییان به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌بووه.

