پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لەشەوی ڕەقبونەوەی ڕەشەبادا

محه‌ممه‌دی مام ره‌سووڵ

دەبێ لەوشەوی دەیجوورە
کام دووکەڵ لە پەنـجــە کـــەی؟
لە بیرەوەریتـا،
کام گۆرانیە گڤەی بێ ؟!
دەبێ ئێستا،
لە شەوی ڕەقبونەوەی ڕەشەبادا
کام شیعرەت لەڕقی من،
لەبەر باران دانابـێ ؟!
ئەی ئەوکەسەی دەستەکانت پڕکردووم لە پایز
دەبێ وابــێ ؟!
دەستێک پڕبێ لە نقێمی گۆرانی شین
هەر دەبێ لە گیرفانی حوزنـا بـێ؟!
من ملوانکەی گفتی ئەوسام لێ و نبووە
هەر ڕۆژەی،
پارچەکانم فڕێ دەدەمە سوچێکەوە
من کە ناتوانم دەست و خەتی ئێوارەکان تۆخ کەمەوە
ئاخر خوای من،
لەشەوی یەڵدا چۆن توڕە نابــێ؟!