رۆژنامەی ھەولێر

سەنتەرێكی رۆشنبیری نزیكەی پێنجهەزار پەرتووك بە خۆڕایی دەبەخشێتە دامودەزگا گشتییەكان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

سەنتەرێكی تایبەت لە شاری هەولێر لە ماوەی 14 ساڵەی كاكردنیدا نزیكەی پێنجهەزار پەرتووك دەبەخشێتە دامودەزگا گشتییەكان؛ سەنتەری لاوانی ئاراستە یەكێكە لەو سەنتەر رۆشنبیرییانەی خزمەتێكی بەرچاوتی رەوتی كولتووری هەرێمی كوردستانی کردووە.

(فەرهەنگ محەمەد) سەرپەرشتیاری پرۆژەكە دەڵێت: سەنتەری لاوانی ئاراستە ساڵی 2012 دامەزراوە بەڵام لە ساڵی 2015وە ستافێكی نوێی لێ دەستبەكار بووە؛ چەند چالاكییەکی جۆراوجۆرمان کردووە لە چوارچیوەی كارە رێكخراوەییەكانمان وەك (خولی كۆمپیوتەر بۆ دامەزراوەكانی حكومەت و سمینار بۆ قوتابخانەكان لە كۆتا چالاكیشماندا 400 (چوارسەد) بەرگ پەرتووکمان بۆ پەرتووکخانە گشتیەکەی چەمچەماڵ دابین كردووە.
دەشڵێ ئامانجی سەرەكیی ئەم كارەمان كەمكردنەوەی ‌ئازارەكانی ناوچەكەیە بەهۆی ئەو لافاوە كارەساتاوییە سروشتیەی کە لە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2025، لە ناوچەكەی دا؛ سپاس و پێزانینی بێسنوورمان بۆ تەواوی نووسەران و ئەدیبان و شاعیران و خوێنەران هەیە كە هاوكار بوون لە دابینكردنی بەشێك لەم پەرتووكانە.
(سەفەر خۆشناو) وەك كارگێڕی سەنتەری لاوانی ئارستە بە (هەولێر) ی راگەیاند بەرنامە و پلانمان داناوە كە لە داهاتووێكی نزیك چەند چالاكیەك لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕیندا دەکەین؛ بە دیاریكراوی لە سەنتەری شاری رانیە وەك (سمینار و وۆركشۆپ، بەخشینی پەرتووك، كۆڕبەستن بۆ گەنجان و نووسەرانی ناوچەكە) و، بەخشینی پەرتووك بە شێوەیەكی بەردەوام كاری لەسەر دەكەین بە ئامانجی پەرەپێدانی کولتووری خوێندنەوە بۆ نەوەی داهاتوو لە ناوچەكە؛ وەكچۆن کاتی خۆیشی توانیمان لە چەند چالاكیەكی جیاجیا لە سنووری (هەولێر و سۆران و كۆیە و هەڵەبجە و ناحیەی سرێشمە و چاكسازیی ئافرەتانی سلێمانی) زیاتر لە (5000) پێنجهەزار پەرتووك ببەخشین. كە پەرتووكەكان بە خۆڕایی دابەش كران به‌سەر هاووڵاتیاندا. كتێبەكان چەندین بابەتی جۆراوجۆری له‌خۆ گرتبوو؛ وەكو: (ئایینی، ئەدەبی، بابەتی منداڵان، پزیشكی، مێژوو، جوگرافیا، فەلسەفە) بەلام دوای ئەم كارەساتە سروشتیەی كە لە چەمچەماڵ و ناوچەكە رووی دا بە پێویستمان زیاتر تەركیز بكەینە سەر ناوچەكە بۆ چالاكیەكانمان؛ دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر پەرتووکخانەی چەمچەماڵ و زەرەر و زیانەكانی، هەڵساین زیاتر لە (400) چوارسەد پەرتووكمان دابین کرد بۆ پەرتووكخانە گشتیەکەی چەمچەماڵ؛ هاووڵاتیانی ناوچەكە ئەو هەوڵەیان بەرز نرخاند؛ ئێمەش وەكو سەنتەرەكەمان زۆر سوپاسمان كردن ئەم دیاریە بچووكەیان لێ قەبووڵ کردووین. وەك سەنتەری لاوانی ئاراسته ‌ئەو چالاكیانەی كەوا دەیکەین زۆربەی لەسەر ئەركی خۆمان جێبەجێی دەكەین؛ وەکو سەنتەری لاوانی ئاراستە لە بەرنامەماندایه ساڵی (2026) چەند چالاكییەکی جۆراوجۆر بکەین لە بوارەكانی ژینگه ‌و كۆڕی ئەدیبان و نووسەران‌ و شاعیران و كردنەوەی خولی جۆراوجۆر.
(مەسعود عوسمان) لە كارگێڕیی سەنتەر سەبارەت بە كاركردنی هەماهەنگ، وتی: ئێمە وەك سەنتەری لاوانی ئاراستە دەستی هەماهەنگی بۆ هەموو سەنتەر و رێكخراوێك درێژ دەكەین بەمەبەستی سەرخستنی هەر پرۆژەیەكی گونجا و جێگای سوود بۆ هاووڵاتیان و نەوەكانی داهاتوومان؛ بەوپەڕی لەخۆبوردەییەوە بێ جیاوازیكردن لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەر شوێنك درك بكەین كە پێویستە هاوكاری یان چالاكی بکەین بەپێی بەرنامە و ئاستی پێویستی ناوچەكە توانا و توانستی خۆمان بەكار دەخەین بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.