بووکی شەوگار

دڵشاد میراوده‌لی

بۆکی خەیاڵی ئەمشەوم
ئەشقێکی درێژە وەک یەڵدا
ڕووباری سەرشێتی دووری
بەرەو دەریا شەپۆل دەدا
مەنزڵی خەیاڵ لە کوێیە
ئەگەر نیگای چاوت نەبێ
هەواری شیعرم وێرانە
ئەگەر جوانی باڵات نەبێ
زۆر ڕاساوم لە دڵشادی
کەچی هەر خەمان دەنگێوم
لەخەم وەفادارتر نییە
هەنگاو بەهەنگاو دەیپێوم
خەمی دووری شەوانت
دەیجورێکی گەورەیە
تاریکی پرچی شەوگارە
ئاوێتەی ئەم زەوینەیە
شەوی یەڵداو دەیجوری ژیان
بە عیشقی تۆوە زامدارن.
کەچی هەر چاوەکانت
ئەستێرەی گەشی شەوگارن
با وەفا لە ئەوین فێر بین
فڕچک بەشەوگارانەوە..
ئازار لە خەمی جودایی و
پاکی لەدڵدارانەوە..

ھەواڵی زیاتر