رۆژنامەی ھەولێر

د. محەمەد کەمال خەڵاتی زێڕینی سەردەم

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

د. محەمەد کەمال؛ ناوێکی دیار و سەنگینی نێو دونیای نووسین و توێژینەوە و وەرگێڕانی دەقی فەلسەفییە بە زمانی کوردی. ناوێک کە نزیکەی نیو سەدە لە تەمەنی خۆی بە فەلسەفە بەخشیوە و لەنێو ئەو دونیا بەرینەدا سەرقاڵی توێژینەوە و نووسین و وەرگێڕانە. بەرهەمی ئەوەش زیاتر لە 30 کتێبی فەلسەفییە بە کوردی و ئینگلیزی و هاوکات وەرگێڕانی چەند شاکارێکی گرنگی فەلسەفی.

وەک جۆرێک لە ئاڵەنگاریی دژ بەو بۆچوونەی کە پێیوایە زمانی کوردی زمانی فەلسەفە و زانست نییە د. محەمەد کەمال؛ بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی بە زمانی کوردی نووسیوە و ئەمەش وەکو خۆی لە چەند جێگەیەکدا دەڵێت “دەیەوێت زمانی کوردی فێری فەلسەفە بێت.” ئەم قسەیەی د. محەمەد جێگەی تێڕامانە، چونکە زمانی کوردی هەژار نییە، بەڵام لە نووسین و توێژینەوەی فەلسەفیدا هەژارە، بۆیە ئەو دێت و دەیەوێت زمانەکەمان ماڵئاوایی لەو هەژارییە بکات لە ڕێی نووسین و وەرگێڕانەوە هێز و تواناکەی دەربخات.
یەکێک لە گرنگترین ئەو کارانەی ئەم نووسەر و بیرمەندە کردوویەتی دامەزراندنی بناغەی زمانێکی نوێیە بۆ نووسینی فەلسەفی بە زمانی کوردی و بۆ ئەمەش پڕۆژە فەلسەفییەکەیدا لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێ دەکات، چەشنی گەشتێکی فەلسەفی تا فەیلەسووفە مۆدێرنەکانی دێکارت و هایدیگەر و سارتەر درێژ دەبێتەوە. ئەمەش لەپێناو دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی و فێرکردنی ئەو زمانەیە بە بیرکردنەوەی فەلسەفی، چونکە زمانی کوردی بەر لە 50 ساڵ لەمەوبەر زیاتر زمانێکی ئەدەبی، کشتوکاڵی و ڕۆژنامەوانی بووە و زمانی زانست و فەلسەفە و زۆر بواری دیکە نەبووە، بەڵام پڕۆژەکەی د، محەمەد کەمال سەرەتایەکی نوێ بۆ زمان و بیرکردنەوەی فەلسەفی بە زمانی کوردی دامەزراند و هاوکات درێژبوونەوەی پڕۆژەکەشی بووە فێرگەیەکی فەلسەفی چ بۆ فەلسەفەکارانی دوای خۆی چ بۆ ئەو وەرگێڕانەی لە بواری کتێبی فەلسەفیدا کار دەکەن.
د، محەمەد کەمال لە ڕووی چەمکسازییەوە هەوڵی ئەوەی داوە بەشێک لە چەمکەکان بکوردێنێت، یان بەشێوەیەکی دروست و فۆنەتیکێکی کوردی ئاسان و ڕوون بنووسێت، کە بۆ خوێنەر ئاسان بێت و ئەمەش خاڵێکی درەوشاوەی پڕۆژە فەلسەفییەکەیەتی. بێگومان زۆر خاڵی دیکە پرۆژە فەلسەفییەکەی ئەم فەلسەفەکارە هەیە باسی بکەین، بەڵام لێرەدا بواری ئەوە نییە و لێرەدا دەمانەوێت تیشکێکی کورت بخەینە سەر ئەو ڕێزلێنانەی دەزگای سەردەم بۆی ڕێکخست.
ڕۆژی 10 کانوونی دووەم دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە مەراسیمێکی شایستەدا “خەڵاتی زێڕینی سەردەم”ی بەخشییە د. محەمەد کەمال، کە سەردەم ئەم خەڵاتە دەداتە ئەو نووسەرانەی جێپەنجەیان لە بواری ڕۆشنبیریی و کولتوور و خزمەتی زمانی کوردیدا دیارە. ئەم خەڵاتە، ئەگەرچی لەپای ماندووبوون خزمەتەکانی ئەم نووسەر و بیرمەندەدا نەبێت، بەڵام پێزانینێکی شایستەیە بۆ قەڵەمێکی زێڕین، کە نزیکەی نیو سەدە بۆ خزمەتی زمانی کوردی لە کاردابووە. ئەگەر بە نیگایەکی وردترەوە سەیری بکەین خەڵاتەکە دەیسەلمێنێت هەر نووسەرێک بە عەشقێکی بەردەوامەوە خزمەتی زمان و کولتوورەکەی خۆی بکات، ڕۆژێک ئاوڕێکی شایستەی لێ دەدرێتەوە و پێزانینێکی پێشکەش دەکرێت، کە ماندووبوونەکانی لەو بوارەدا بڕەوێنێتەوە. واتە مرۆڤی داهێنەر هەمیشە داهێنانەکانی گەواهیدەری ماندووبوونی عەشق و جیدییەتی ئەون و کەسانێکیش هەن کە پێزانین بۆ ئەو داهێنانە دەربڕن.
دەستخۆشی بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە ئاوڕیان لەم قەڵەمە گرنگ و سەرنگینەی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی دایەوە و پیرۆزبایی لە د. محەمەد کەمال-یش دەکەم، کە کارەکانی پێماندەڵێت شایستەی چەندین خەڵاتی زێڕینی لەو شێوەیەیە.